درۆنێکی ئێرانی لە سنووری خورماڵ کەوتەخوارەوە

سەرەڕای نەبوونی هیچ جموجوڵێکی سەربازی لەو ناوچانە، درۆنێکی ئێرانی لە سنووری خورماڵ تەقییەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ شەو کاتژمیر ١١:٠٠ لە نێوان گوندەکانی بانیشار و هێڵانپێی سنووری شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، دوای بیستنی دەنگێکی گەورە دەرکەوت کە درۆنێک بووە تەقیوەتەوە و بەر کێڵگەیەکی شووتی کەوتووە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، بە پێی سەرچاوەکان درۆنەکە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کراوە بۆ بە ئامانجکردنی بنکەی هێزێک لە نزیک گۆڕستانی گوندی شەشک.

 

سەرەڕای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنیەکان لە سەرچاوەی دەنگەکە و شوێنی ڕووداوەکە، تا ئێستا هیچ زانیاریەک نەخراوەتە ڕوو، بە پێی وتەی دانیشتوانی ئەو سنوورە  هیچ جموجوڵێکی سەربازی لەو ناوچانە نیە،  ئەم ڕووداوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران خەریکی مانۆڕی سەربازیە لە سەر سنورەکانی خۆی، لەو مانۆڕەوە درۆنێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر سنوورەکانی باشووری کوردستان و ناوچەکانی کۆیە، زڕگوێز و پردێی بۆردوومان کرد، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.