ئەنیمەیشنی "یەکپۆشی ئێمە" پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار

ئەنیمەیشنی حەوت خولەکی "یەکپۆشی ئێمە" لەلایەن یەکانە موقەدەمەوە بەرهەمهێنراوە و پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی سینەمایی "ئۆسکار" لیستی تەواوی پاڵێوراوانی خەڵاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی ڕاگەیاند و لە پاڵێوراوانی کورتە فیلمی ئەنیمەیشندا، ناوی ئەنیمەیشنی حەوت خولەکی "یەکپۆشی ئێمە" لە نووسینی یەکانە موقەدەم دیاری کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار.

 

"یەکپۆشی ئێمە" باس لە ژنێکی گەنجی ئێرانی دەکات، کە ڕۆژانی خوێندنی خۆی و ئەرکی ڕەچاوکردنی حیجابی ناچاری لە شێوەی جلوبەرگی کچان لە قوتابخانەکانی ئێران لە ڕێگەی چرچ و لۆچی جلە کۆنەکانییەوە بە بیر دێتەوە.

 

ئەنیمەیشنی "یەکپۆشی ئێمە" کە تێکەڵەیەکە لە تەکنیکە دوو ڕەهەندییەکان و دیمەنی وەستاو، پێشتر خەڵاتی بەناوبانگی فێستیڤاڵی "ئەنیمایۆ" و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەنیمەیشنی ئانێسی لە فەرەنسا وەرگرتووە.

ڕۆژی ١٠ی ئادار، لە شانۆی دۆلبی لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا مەراسیمی خەڵاتی ئۆسکار بەڕێوەدەچێت، براوەکان لە بەردەم نزیکەی ١١ هەزار ئەندامی ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو هەڵدەبژێردرێن، کە لە ٩٣ وڵاتەوە بەشداری دەکەن.