چوار ڕووداوی ئەشکەنجەدان لە یەک هەفتەدا: ئامانجی سەرەکی ئاوارەبوونە

ژنێک لە شاری جولەمێرگی باکووری کوردستان، ڕایگەیاند، خەڵکی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری بەهۆی باری نائاساییەوە تووشی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانیان دەبنەوە، دەشڵێت: ئامانجی سەرەکی ئەم کارە ئاوارەبوونە لە خاکەکانیان.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- میدیاکان چوار ڕووداوی ئەشکەنجەدانیان پیشان دا کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا لە ناوچە سنووری و بەرزاییەکانی جولەمێرگ (هەکاری) دژی خەڵک ڕوویانداوە، ئەو شوان و ژنانەی کە بۆ شیردانی ئاژەڵەکان چوونەتە زۆزانەکان ڕووبەڕووی زۆرترین زیانیان و ئەشکەنجە بوونەتەوە، هاوکات گەمارۆدانی چڕ بەسەر شارەکەدا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکانی کەفەر و گۆکورجە بەردەوامە و زۆرێک لە گوندەکان ساڵانێکی زۆرە قەدەغەکردنی سیستماتیک دەسەپێنرێت.

 

دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانی شاری جولەمێرگ ناچارن ئاوارەبن، چونکە ڕێگرییان لێدەکرێت بچنە زۆزان و چیمەن کۆبکەنەوە و تەنانەت هەنگیش لەوێ ڕابگرن، بەتایبەتی لە گوندە شاخاویی و سنوورییەکانی دەڤەری کەفەر قەدەغەکردنەکە توندتر دەکرێت، خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو فشارانەی کە ساڵانێک بوو بەردەوام بوون تا ئێستا درێژەیان پێدەدرێت.

 

بە پێشێلکردنی مافەکانیان ناچارن کۆچ بکەن

گوندی وارکنیمە (چۆپان پینار) یەکێکە لەو گوندانەی کە دەکەوێتە سنووری تورکیا و ئێران، هەمیشە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەو گوندنشینانە کە دوای گەڕانەوەیان بۆ گوندەکەیان ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوەدان کردەوە، دوای چەند ساڵێک ڕووبەڕووی بنکەی ئەمنی بوونەتەوە کە لە هەموو ئاراستەکانەوە دەوری داون، و ئاسایش فشارێکی زۆری خستە سەر خەڵکی گوندەکە، وەک دیاریکردنی بڕی ئەو خۆراکەی کە هاوڵاتیان لە دەرەوەی گوندەکەوە دەیانهێنایە ناو گوندەوە، لە زۆر کاتدا مەڕدارەکان هەڕەشەیان لێدەکرێت تا گیا کۆنەکەنەوە.

 

منداڵە خێزاندارەکانمان ناتوانن بێنە گوند

یەکێک لە ژنانی گوندی وارکنیمە، کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، لێپێچینەوەیان لەسەر خەڵکی گوندەکە توندتر کردووە، ناچارین هەموو ڕۆژێک لەگەڵ هەڕەشەی مردن بژین، ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی گوند هاوسەرگیریان کردووە ناتوانن سەردان بکەن چونکە هاتوچۆی گوندەکە قەدەغەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە بۆ ئێمە شتێکی نوێ نییە، لەدوای ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم ڕێوشوێنە دەگیرێتەبەر، هیچ کەسێک لە خزمەکانمان ناتوانن بێنە گوندەکە، تەنانەت لە جەژنیشدا، یان لە کاتی زەماوەند و خەم و پەژارەشدا ناتوانن سەردانمان بکەن، سێ و‌ێستگەی ئەمنی هەیە لە گوندەکەدا، دەتوانن هەموو پەنجەرەی ماڵەکان ببینن، بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانین پەردەی ماڵەکە بەرز بکەینەوە، فشار لە هەموو لایەکەوە هەیە.

 

ئەو ژنە وتیشی: کاتێک ژنانی گوندەکە بۆ شیردانی ئاژەڵەکان دەچن، ئەو ئۆتۆمبێلانە دەوەستێنن کە ژنەکان پێی هاتوچۆ دەکەن و دەگەڕێنەوە و زانیارییە گشتیەکان دەپشکنن، دوای ئەوەی هەموویان لە ئۆتۆمبێلەکە دەردەهێنن، بۆ ماوەیەکی زۆر رایاندەگرن، تاکە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو کەسانەی لە گوندەکەدا دەژین، بەخێوکردنی ئاژەڵە، بەڵام کاتێک شوانەکان ڕانەکەیان دەبەن بۆ لەوەڕاندن، ئەوا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی وەک (تۆپێکی هاوەن دەدۆزیتەوە کە کەوتۆتە باوەشتەوە) دەبنەوە، وەکو سەرتیب شەن کە شوان بوو لە ساڵی ٢٠١٩ بە چەکی ئاگرین کوژرا، هەروەها ڕێگریمان لێدەکەن لە بەخێوکردن هەنگەکان زەویەکانماندا، هەموو ئەوانەش بۆ چۆڵکردنی گوندەکە دەکەن.

 

چوار حاڵەتی ئەشکەنجەدان لە یەک هەفتەدا

ئەو حاڵەتانەی ئەشکەنجەدان کە لە شاری جولەمێرگ ڕوویدا، کە باری نائاسایی (OHAL) تێیدا بەردەوامە و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە میدیاکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەم شێوەیە بوون:

 

دوو شوان کە لە بەرزاییەکاندا کاریان دەکرد، لە گوندی خەرافەتی (بویوک جفتلیک) سەر بە دەڤەری کەفەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هێزە تایبەتەکانەوە کە لە بنکەی پۆلیسی باڵا لێیان درا، هەروەها هەڕەشەی کوشتنیان لێکرا، دوای ئەوەی ئازادکران، بەهۆی ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکرابوون، ڕاپۆرتێکیان لەسەر لێدانەکە بڵاوکردەوە و سکاڵایان تۆمار کرد.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری چیای سیبەریز لە کەفەر، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە بۆ ماوەی ڕۆژێک نەیانتوانی لە ماڵەکە دەربچن و ئەو ژنانەی کە دەیانویست بچنە سەر کارەکانیان بۆ دۆشینی مەڕەکان لە ناوەڕاستی ڕێگەوە گەڕێنرانەوە و شوانێکیش بێسەروشوێنە.

 

لە گوندی ئاناداغی سەر بە قەزای دێرجیچ، ئەندامانی بنکەیەکی پۆلیسی نزیک گوندەکە لە شوانەکانی ڕانە ئاژەڵەکەیان دەلەوەڕاند، دەپرسن، "ئێوە لێرە چی دەکەن؟"، هەروەها  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سووکایەتییان پێکراوە و توندوتیژییان پێکراوە.

 

دووبارە لە گوندی ئاناداغ، تەنها ڕۆژێک دوای ئەو کارە توندوتیژانەی کە تێیدا ڕوویدا، سەربازەکان بەدوای چوار شواندا ڕۆیشتن کە منداڵیشیان هەبوو و دوای ئەوەی تووشی ئەشکەنجە دراون، دەستگیریان کرد و شوانەکان گواسترانەوە بۆ داواکاری گشتی، پاشان لەژێر چاودێری دادوەریدا ئازادکران و داوایان لێکرا گوند بەجێبهێڵن، پارێزەرانی ئەو شوانانەی کە تووشی توندوتیژی بوون، ڕایانگەیاند، سکاڵای تاوانکاری سەبارەت بەو دۆسیەیە تۆمار دەکەن.