"کێشەکانمان وەک یەکن و دەبێت یەکگرتوو بین"

لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا، ژنان بە کۆی دەنگ هاوڕابوون کە کێشەکانیان وەک یەکن و پێویستە یەکبگرن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

نەزیهە بوسەعیدی/ زهور ئەلمەشرەقی

 

تونس- ئەو ژنانەی بەشداری سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنانیان کرد، سەرنجیان بۆ خراپبوونی بارودۆخی کرێکارانی ژن لە زۆر ناوچەی جیهان ڕاکێشا و ڕایانگەیاند کە ستەمکاری بەرامبەر ژنان بەردەوامە.

 

"دۆخی ژنان لە هەموو ناوچەکان دژوارە"

سۆزان سیمیس، چالاکوانی فێمینیستی ئەمریکی قسەی بۆ نوژنها کرد و ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کارێکی قورسە بەهۆی بەردەوامی فشارەکانی ڕژێمە ئیمپریالیستەکان بۆ سەر ژنان، "لە ساڵی ١٩٩١دا رێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئاگربەست لە نێوان بەرەی پۆلیساریۆ و مەغریب واژۆ کرا کە ئەندامی مینورسۆ بوو، بەو پێیەی لە سەحرای ڕۆژئاوا و فەلەستین ڕێکخەر بووم، واقیعی ژنان لە ناوچەکەدا دەزانم. دۆخی ژنان لە هەموو ناوچەکاندا دژوارە، بە تایبەت بەهۆی دەستێوەردانی ڕژێمە ئیمپریالیستیەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا و تورکیا لە ناوچەکەدا. هەروەها ژنانی هیندی و ئەفریقی لە ئەمریکا و ژنانی ڕەشپێستی ئەمریکیش تووشی هەڵاواردنێکی ڕەگەزی دەبنەوە. من هەوڵدەدەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای ئیمپریالیستی لەناو ڕێکخراوەکەدا بجەنگم، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و بچوککردنەوەی سیاسەتی ژنان، پێویستە بزووتنەوەی بەهێز پێکبهێنرێت.

 

ژنان ئەزموون و تاقیکردنەوەکانیان لەگەڵ یەکتردا باس دەکەن

ئەمیرە دلێش، ئەندامی دەستەی ڕێکخەری کۆنفرانسەکە وتی: "کۆنفرانسەکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ژنان لەسەر هەموو کێشەکان قسە بکەن، مەبەست لە کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە ئێمە لە ئەزموونەکانی یەکتر فێربین و یەکبگرین.

 

سێیەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان کە لە تونس بەڕێوەچوو، بەردەوامە بە گفتوگۆکردن لەسەر پێگەی ژنان لە سەرانسەری جیهان و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان لەلایەن بەشداربووانی کۆنفرانسەکەوە کە گوزارشت لە کولتوری هەر وڵاتێک دەکەن.