پێداویستی و بیمە بۆ ژیانی کرێکاران دابین نەکراوە

بەرپرسیارێتی گوزەرانی کرێکار چۆن دەبێت،خاوەن کارەکان چۆن بەرپرسیارێتی گوزەرانی کرێکارەکان دەگرنە ئەستۆ و دەیانپارێزن لە سیمینارێکدا باسی لێوەکرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ١٨ی حوزەیران، لە بارەگای حزبەکەیان، ژنانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-لقی سلێمانی سیمینارێکیان بۆ چالاکوان ئاڵا کەمال بە ناوی "بەرپرسیارێتی گوزەرانی کرێکار دەبێت چۆن بێت" ڕێکخست.

 

لە سیمینارەکەدا چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیان بەشداربوون، ئاڵا کەمال باسی لە خراپی گوزەرانی کرێکاران کرد و وتی: لە ساڵی ١٨٥٧ بارودۆخی کرێکاران بەهۆی شۆڕشە کرێکاریەکانەوە زۆر خراپ بووە، بەڵام ئێستا بەراورد بەو کاتە دۆخەکە بۆ کرێکاران زیاتر خراپ و نالەبارە.
 

لەبارەی کاتی کارکردنی کرێکارانەوە، ئاڵا کەمال ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا کاتی کارکردنی کرێکار زۆرترە لەو کاتەی کە بۆتان دیاریکراوە، لە بەرامبەردا مووچەکانیان کەمە، وتیشی: خاوەنکارەکان هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ کرێکاران دابین نەکردووە، هیچ بیمەیەکی سەلامەتیان بۆ دانەنراوە، ئەمەش ژیانی کرێکارانی خستووەتە مەترسیەوە و ڕۆژانە کرێکارەکان دەبنە قوربانی.

 

مافی کرێکاران پێشێل دەکرێت

ئەو چالاکوانە لە درێژەی سیمینارەکەدا تیشکی خستەسەر هاتنی کرێکارانی بیانی لەکاتێکدا بەشێکیان مۆڵەتیان نییە، کاردان بەو کرێکارانە مافی کرێکارانی ناوخۆی پێشێلکردووە، لە بەشێکی دیکە باسەکەیدا وتی: لە ئەگەری ڕووبەرووبونەوەی هەر رووداوێک و بۆ پاراستنی ژیانی کرێکاران پێداویستی سەلامەتی دابین نەکراوە، لەکاتێکدا دەبێت ئەو کرێکارانە لەلایەن شوێنی ئیشەوە کەلوپەلی خۆپارێزیان بۆ دەستەبەر بکرێت.

 

خراپی گوزەرانی کرێکاران بەراورد بە ساڵانی پێشتر و سەردەمی شۆرشی کرێکاران خراپتر بووە، کرێکار دەبێتە قوربانی دەستی خاوەنکار بەهۆی دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خۆپارێزی کە ڕۆژانە چەندین کرێکار دەبێتە قوربانی لە کارگە و شوێنی کاردا، ساڵانە ڕێکخراو و لایەنە جیاجیاکان چەندان کۆڕ و سیمینار ساز دەکەن دەربارەی خراپی گوزەرانی کرێکاران و پاراستینی ژیانیان لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە، بەڵام ژیانی کرێکار بەردەوام لە مەترسیدایە.