سیمپۆزمێک بە ناونیشانی " ژن و میدیا" بەڕێوەچوو

لە درێژەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان و بەهۆی بە کاڵاکردنی ژنان لەسەر شاشەکان و نێو سۆشیاڵ میدیا، سیمپۆزمێک لەسەر ژن و میدیا پێشکەشکرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ۸ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، سەنتەری یەکسانی جێندەریی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بە هاوبەشی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی تەکنیکی میدیا، سیمپۆزمێکیان لە ژێر ناونیشانی "ژن و میدیا" ڕێکخست و تێیدا باس لە ڕۆڵی ژنان لەنێو شاشە و میدیاکاندا خرایەڕوو.

 

سیمپۆزمەکە بە وتەی دڵپاک تاهیر، بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری و ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی دەستی پێکرد و بە دوو پانێڵ بەردەوام بوو.

 

پانێڵی یەکەم بە بەشداری هەریەک لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر پاڤێ جەمیل لە ژێر ناونیشانی "وێنای ژن لە میدیای کوردیدا"، دکتۆر شوان ئادەم "ڕۆڵی پڕۆگرامە کۆمیدییەکان لە بەرهەمهێنانی جیاکار جێندەری" و مامۆستا تاژان دڵشاد "ژن و سۆشیاڵ میدیای کوردی" بەڕێوەچوو.

دوابەدوای کۆتایی هاتنی پانێڵی یەکەم گفتوگۆی کراوە لە نێوان پانێڵستان و ئامادەبوواندا ئەنجامدرا.

 

پانێڵی دووەم لەلایەن بەڕێوەبەری پانێڵ و مامۆستای یاریدەدەر، ڤیان عومەر بە بەشداری مامۆستای یاریدەدەر هەرمن شێرکۆ "وێنای ڕاگەیاندکاری ژن لە کەناڵە کوردییەکاندا"، دکتۆر نەوزاد سدیق" بابەتە جێدەرییەکان لە میدیاکاندا"، هەروەها دکتۆر هونەر ڕەسوڵ "ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرخستنی دەنگ و ڕەنگی ژنی کورد" بەڕێوەچوو.

لە کۆتایدا پانێڵەکە بە گفتوگۆ کۆتای پێهات.

ت.پ