پەیامی ژنانی ئیلح لابردنی گۆشەگیرییە

ژنانی ئیلح سەرنجیان خستە سەر ئاشتی و ئازادی و دەڵێن: "ئەوانەی دەڵێن ئاشتی، دەبێت لە دڵەوە هەنگاو بنێن و سەرەتا گۆشەگیری لاببەن".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئیلح- گردبوونەوەی بەرفراوانی "دیموکراسی و ئازادی"ی پلاتفۆرمی دامودەزگا دیموکراسییەکان لە ئیلح، لە ١٧ی ئەم مانگەدا بە داوای "ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد و کۆتایی هاتن بە دانانی قەیوم" بەڕێوەچوو و دەیان هەزار کەس بەشدارییان کرد.

 

ژنانی بەشداربووی گردبوونەوەکە سەرنجیان بۆ ئاشتی و ئیرادە ڕاکێشا و ڕایانگەیاند کە گەلی کورد ئاشتی دەوێت، "ئەگەر ئەوانیش ئاشتییان دەوێت، با گۆشەگیری هەڵبگرن و کۆتایی بە قەیومەکان بهێنن".

 

"دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بێت"

حەیات ئاکتاش یەکێک لەو ژنانەی کە بەشداری گردبوونەوەکەی کردبوو وتی: ئێمە ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی دژی گۆشەگیری و ستەمکاری یەک دەنگ بین. ئێمە بە ڕوونی دەڵێین ئەم فەرمانانە قبوڵ ناکەین و تیکۆشانمان بەردەوام دەبێت. ئەم نادادپەروەری و دڕندەییە ساڵانێکە بەردەوامە، ئەوان مافی ئەوەیان نییە ئەم کارە بکەن، بەڵام مافی خۆیانیش نازانن. با چیتر دەست لە ئیرادە و ئازادی ئێمە نەدەن. ئێمە گۆشەگیری لە ئیمرالی قبوڵ ناکەین. پێویستە  ڕێبەر ئاپۆ بە زووترین کات لە زیندان و گۆشگیری ئازاد بکرێت. دەسەر بە سەر ئیرادەی گەلی کورددا دەگرن، ئێمە دەڵێین بەسە بەسە. ئێمە شەڕمان ناوێت و نامانەوێت کەس بمرێت. تەنها دەمانەوێت گۆشەگیری و شەڕ کۆتایی پێبێت. هەرکەسێک ئەمەی لە وڵاتدا دەوێت، پێویستە ئەمڕۆ تێکۆشان بکات.

 

"ئەمڕۆ دەڵێن ئاشتی، ڕۆژی دواتر قەیوم دادەنێن"

موزەین کاراکۆچ وتیشی: ئێمە بۆ شارەوانییەکان تەمەنی خۆمان لەبەرچاو نەگرت، چەند ڕۆژ و مانگێک کارمان دەکرد، ئێستا پێمان دەڵێن قەیومەکان قبوڵ بکەن، بەڵام ئێمە قبوڵ ناکەین. ئێمەی ژنان لە بەرامبەر ئەم توندوتیژی و دزییە بێدەنگ نابین. ئەم یاسایە دوور نییە لە گۆشەگیری. بەهۆی گۆشەگیرییەوە سەرقاڵی دانانی قەیومەکانن. دەڵێن ئاشتی و ئارامی بەڵام ئەمە دوو ڕووییە، ئەمڕۆ دەڵێن ئاشتی و سبەی قەیوم دادەنێن. ئارامی ئەوان جگە لە دڕندەیی و دزی هیچی تر نییە. چەند ساڵێک لەمەوبەر بینیمان کە دەیانگوت ئاشتی. یان مرۆڤ دەکوژن یان دەیانخەنە زیندانەوە، ئێمە ئاشتییەکی وامان ناوێت، ئەم خەڵکە ئارامی و پیشتیوانییەکەی لە دڵەوە دەوێت. ئەم گەلە لە ئاشتی زیاتر هیچی ناوێت. ئەوان تانک و تۆپیان هەیە، ئێمە ئیرادەمان هەیە. ئەمڕۆ هەموو لایەکمان بە تانک و تۆپ دەورە دراوین، کە بەلایاندا تێدەپەڕین، لە پێکەنین و دروشمەکانمان دەترسن. ڕەقیان لە هەلهەلەکانمانە. ئێمە نامانەوێت ئیتر کەس بمرێت، ئەم دڕندەییە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئیتر ناتوانێت بەردەوام بێت،. با بەم زووانە ئاشتی بەرقەرار بێت".

 

"ئێمە دەست لە تێکۆشان ڕاناگرین"

حەلیمە دەمیرەل وتی: ئەوان نایانەوێت ئاشتی لەگەڵ ئەم گەلەدا بکەن، تەنها دەیانەوێت ستەم بکەن. هەمیشە هەست بە تێکۆشانی ئەم گەلە دەکەن. کاتێک دەڵێین مرۆڤایەتی دەڵێن شەڕ، بە تانک و تۆپ هێرش دەکەنە سەرمان. ئەوان لەو بەردە دەترسن کە منداڵەکانمان فڕێی دەدەن. ئەوان لە مرۆڤایەتی ئێمە دەترسن. من بۆ ئاشتی لێرەم. با ئێستا هەموو گەنجەکانمان ئازاد بن. من دایکی زیندانیم، با ئێستا دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ نەترسانایە، گۆشەگیرییەکە بەردەوام نەدەبوو، نە قەیومیان دادەنا. گرنگ نییە چی ڕووبدات، ئێمە تەسلیم بەم فشارانە نابین. ئێمە هەرگیز ئەم تێکۆشانە ڕاناگرین.

 

"با دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە"

مەریەم ئاکتاش ڕایگەیاند کە خۆڕاگری خۆیان لە دژی گۆشەگیری بەرز دەکەنەوە و وتی: ئەم گەلە حوکمڕانی و شەڕ و ئاژاوەی ناوێت. ساڵانێکە داوای ئاشتی دەکەین. دەبێت گۆشەگیری لاببرێت و زیندانەکان بکرێتەوە، هەرچییەک بکەن، ئەم خەڵکە دەستبەرداری دۆزی خۆیان نابن. با ئێستا لەم بابەتە تێبگەین. تا ئەو ڕۆحە بوونی هەبێت، ئێمە درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین. ئەگەر قەیومیش دابنێن و درێژە بە گۆشەگیری بدەن، ئێمە تەسلیم نابین، هەمیشە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.

 

"پێویستە هەموو کەسێک ئەم ئیرادەیەی هەبێت"

ئیسمەت ئۆزتورک ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە توێژە بەرفراوانەکانیش پاڵپشتی ئەم خەباتە بکرێت و وتی: ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ چالاکییەکە، بەڵکو بۆ زۆر شت هاتووین بۆ ئێرە، خەڵکی ئیلح هەموو ڕۆژێک لە مەیداندان، ئیرادەی خۆیان هەیە. پێویستە هەمووان دەنگی ئەم پرسەمان بن. ئەگەر دەوڵەت داوای ئاشتی بکات، سەرەتا دەبێت گۆشەگیری لەسەر ئیمرالی هەڵبگرێت، پاشان ویستی ئەم گەلە قبوڵ بکات. داواکارییەکان لە کۆڵنەوە تا ئەستەنبوڵ وەک یەکن، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگیان پێداین، پێویستە هەمووان واز لەم دڕندەییە بهێنن، بەسە بەسە! ئێمە تەنها دەڵێین ئاشتی، هیچی ترمان نییە بیڵێین.