ئەندامێکی ژنۆلۆژی: ئامانجی ژنۆلۆژی بڵاوکردنەوەی زانستی ژنانە

ئەڤین ئەحمەد، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، کە بەشداری لە کۆنفرانسی دووەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، باسی لە کار و چالاکییەکانی ژنۆلۆژی کرد و وتی: ئامانجی یەکەمی ژنۆلۆژی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زانستی ژنان و گۆڕینی هۆشیاری پیاو.

ژیندا ئامارا

 

حەسەکە- ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ٢٥ و ٢٦یی ئەیلوول، دووەمین کۆنفرانسی ژنۆلۆژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "زانستی ژنان لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە نوێ دەبێتەوە" ڕێکخست، کۆنفرانسەکە کە بە ٣٠٠ نوێنەر دەستیپێکرد، بە چەندین گفتوگۆ و بەرهەمی کولتووری و هونەری و ئەنجام کۆتایی هات.

 

ئەڤین ئەحمەد، ئەندامی ژنۆلۆژی کە جێگەی خۆی لە ئامادەکاری کۆنفرانسەکەدا گرت، باسی گرنگی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە، ئامانج و چالاکییەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کردو ڕایگەیاند، گرنگترین شت بۆ ئەوان وەک ژنۆلۆژی چارەسەرە، ئەگەر مێژوو بە باشی پێناسە بکرێت، چارەسەرەکە ڕاستییەکان دەهێنێتە دەرەوە و نەک تەنها کێشەی ژن دەتوانێت کێشەی پیاوان و کۆمەڵگەش پێناسە بکات.

 

پێناسەی ژنۆلۆژی

لە سەرەتای قسەکانیدا ئەڤین ئەحمەد بە چەند خاڵێک پێناسەی ژنۆلۆژی کردو وتی: کاتێک پێناسەی ژنۆلۆژی دەکەین، دەبینین کە ئامانجی زۆرە، لە خاڵی یەکەمدا ئامانجی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زانستی ژنان و توێژینەوە لەسەر ئەم بنەمایە، خاڵی دووەم چەمکەکە دەناسێنێت و لێکدەداتەوە و پێناسە دەکات، هەم بۆ خۆی و هەم بۆ کۆمەڵگەی خۆی. خاڵی سێیەم گۆڕینی عەقڵیەتی ئەو پیاوەیە کە هەزاران ساڵ خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.

 

"ژنۆلۆژی دەیەوێت مێژوو شرۆڤە بکات"

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەڤین ئەحمەد ئامانجی ژنۆلۆژی باسکردو وتی: دەیەوێت مێژوو وەربگرێتەوە و لێکی بداتەوە و لەدایکبوونی نوێ دروست بکات، ئەم مێژووە کە باسی دەکەین هەزاران ساڵە لەدەستچووە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. کاتێک دەڵێین ئەکادیمیا زانست و زانین بەرەوپێش دەبات، زۆر بە ڕوونی گرنگی ئەکادیمیا دەبینین و دەبینین کە چەندە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، ژنۆلۆژی هەوڵ دەدات ئەو چەشنە کۆنەپەرستانە بشکێنێت کە لە کۆمەڵگەدا جێگیر بووە، کە لە بیری پیاوەوە سەرچاوە دەگرێت و سیستمێکی نوێ بونیاد بنێت بۆ ئەوەی ژنان بە باشی خۆیان بناسن و خۆیان دەرببڕن و ئازادانە بژین، چونکە هەمووان دەزانن کە ناسنامەی ژن شکاوە و لێرەدا ئەرکی ژنۆلۆژی سەرهەڵدەدات کە پێناسەکردنەوە و زیندووکردنەوەی ناسنامەی ژن بێت.

 

"ژنۆلۆژی ستافەکەی دروست دەکات"

ئەڤین ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، ژنۆلۆژی گرنگی بە تاکەکانیش دەدات، هەروەها وەک ئەکادیمیایەک ستافەکەیان دروست دەکەن و وتی: باش دەزاندرێت ئەگەر مرۆڤ خۆی نەگۆڕێت، ناتوانێت دەوروبەری خۆی و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژی بگۆڕێت، دەبێت مرۆڤ سەرەتا لەخۆیەوە دەست پێبکات و دواتر بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەکەی، گرنگترین خاڵەکەی داهاتوو ئەوەیە کە چۆن ژنۆلۆژی ستافەکەی پەروەردە دەکات، بەو پێیەی ئێمە باسی ئەکادیمیا دەکەین، بێگومان ئەم ئەکادیمیایە بەبێ ستاف بەڕێوە ناچێت و بەبێ زانست پێناسە ناکرێت، تەنانەت ئەگەر ستافی ئەکادیمیاکە لە ڕووی چەمکەوە بەس و پڕ بێت، دەتوانێت زانست لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێش ببات.

 

"دەبێت لە خێزانێکی ئازادەوە کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست بکەین"

ئەڤین ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە یەکەمین کۆنفڕانسی ژنۆلۆژی کە لە ساڵی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو، زۆر بڕیار دراون و زۆربەی ئەو بڕیارانە خرانە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەنجامی ئەو کارانە لە کۆنفرانسی دووەمدا تاوتوێ کران و لە ئەنجامدا لە ئەوانەدا، بڕیارەکان، زۆرێک لە ئەکادیمیا و ناوەندەکان کرانەوە، ئەمەش سەرکەوتنە بۆ ئێمە چونکە بەرپرسیارێتی ژنۆلۆژی بەجێگەیاند کە لە ڕێگەی ئەم پراکتیزانەوە وەریگرت، ناتوانین بڵێین ١٠٠% ئەنجامەکەمان بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەندێک خاڵدا دەتوانین بڵێین ئەوەی داوای لێکرا ئەنجامدرا، چونکە ئامانجمان ئەوە بوو کە بگەینە زۆر شوێن و ئەمەش تا ڕادەیەک ئەنجامدرا، گەیشتینە زۆرێک لە ژنان کە لە ماڵەکەدا زیندانی بوون، هەروەها ئامانجێکی تر کە باسی لێوەکرا بونیادنانی خێزانێکی دیموکراسی بوو چونکە خێزان بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەیە، ئەگەر ناتوانیت ئەم چڕییە لە کۆمەڵگەدا لاببەیت، ئەوا دەبێت ئەم خێزانە لەسەر دیموکراسی و ئازادی بگۆڕیت، واتە، لەبری خێزانێکی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست بکەن .

 

"کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە دژی پۆزەتیڤیزم بونیاد بنێن"

ئەڤین ئەحمەد کاریگەری پۆزەتیڤیزمی لەسەر کۆمەڵگە هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، لە بەرامبەر پۆزەتیڤیزمدا پێویستە سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەدا بخرێتە ناو کۆمەڵگەوە و وتی: دەبێت کۆمەڵگە لە پۆزەتیڤیزم ڕزگار بکەین، لە بەرامبەر هۆشیاریی پۆزەتیڤیزمدا، ئێمەش وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پێویستە کۆمەڵگەیەک بونیاد بنێین کە بە هۆشیاری سیستمی کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیکەوە ڕێنمایی بکرێت و تیۆرێکی بەهێزتر و باشتر و خێراتریش بخەینە ڕوو.

 

"ژنۆلۆژی زانستێکی جوڵاوە"

 ئەڤین ئەحمەد لە کۆتاییدا وتی: لە کاتی گفتوگۆکانماندا زۆرێک لە کەموکوڕییەکانمان هێنایە ئاراوە، پێشنیاری زۆریش بۆ داهاتوو هەبوو، دەمانەوێت ئەم کەموکورتیانەی ئێستا تێپەڕێنین چونکە ژنۆلۆژی زانستێکی جوڵاوەو بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە، دەمانەوێت لە داهاتوودا بەهێزترین ستاف دروست بکەین، هەروەها کاری بروشور و پەرتوکەکان تەواو بکەین کە هێزو مێژوو و زانستی ژنان پێناسە دەکەن، لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم وەک ژنۆلۆژی دەمانەوێت مێژوو بە باشی پێناسە بکەین، گرنگترین شت بۆ ئێمە چارەسەرە، ئەگەر مێژوو بە باشی پێناسە بکەین، دەتوانین چارەسەرێکی دروست بدۆزینەوە، نەک تەنها پرسی ژنان، بەڵکو پرسی پیاوان و کۆمەڵگەش.