چالاکییەکانی ژنانی هیندستان بەردەوامە

بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری کەلکەتا و ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی تەندروستی هیندستان بەهۆی ڕووداوی دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنی ژنە پزیشکێک لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە شاری کەلکوتای سەر بە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا لە هیندستان، لە ٩ی ئابدا، دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر پزیشکێکی ڕاهێنراوی ژن و دواتر کوژرا، دوای ڕووداوەکە لە زۆر شوێنی هیندستان، پزیشکان و ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چالاکییان ڕێکخست، ئەگەرچی ناڕەزایەتییەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام لە شاری کالکوتا هێشتا ژنان بەردەوامن لە چالاکی و داوای مافی ژنان دەکەن.

 

چەند کاربەدەستێکی حکومی لە کارەکانیان دوورخرانەوە

ماماتا بانێرجی، سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پزیشکەکان کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، کۆمیساری پۆلیسی کەلکوتا و دوو بەرپرسی ئیدارەی تەندروستی لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

 

ماماتا بانێرجی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دوای کۆبوونەوەکە وتی: ڕێککەوتووین کە بەڕێوبەری کاروباری تەندروستی و بەڕێوەبەری فاکەڵتییە پزیشکییەکان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، هەوەها لەسەر داوای پزیشکانی ڕاهێنراو کۆمیساری پۆلیسی کەلکوتا فینیت گۆپاڵ لە کارەکەی دوورخرایەوە.

 

ماماتا بانێرجی داوای لە پزیشکەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ڕایگەیاند، کە کارەکەیان کاریگەری لەسەر کاری فریاگوزاری هەیە، ئینیکیت مەهاتۆ، وتەبێژی بەرەی پزیشکانی ڕاهێنراوی بەنگالی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە چالاکییەکەیان بەردەوام دەبێت تا لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە تەواو دەبێت.

 

دوای ڕووداوەکە کەسێک بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کرا، بەڵام حکومەتی پارێزگای بەنگالی ڕۆژئاوا ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەدا.

 

ئەمڕۆش هەزاران چالاکوان ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکە و داوای دادپەروەرییان کرد.