"ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە دەستنیشانکرا"

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە دوو منداڵی شاری دێر ئەلبەلاح و خان ​​یونس لە بەشی باشووری کەرتی غەززە دۆزراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە دوو منداڵی ناوەڕاستی شاری دێر ئەلبەلاح و خان ​​یونس لە بەشی باشووری کەرتی غەززە دەستنیشانکراوە..

 

ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکەدا ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە ٦ نمونەی دەستنیشانکراوەوە دووانیان ئەرێنی بوون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف" و هاوبەشەکانی دیکە هەڵسەنگاندنیان بۆ ڕێگاکانی ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و دیاریکردنی شێوازەکانی دەستێوەردان کردووە.

 

ئاگربەست مەرجێکە

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، داڕمانی سیستمی تەندروستی لە غەززە، کەمی دانیشتوان، سەختی پێداویستییە پزیشکییەکان، نەبوونی کوالیتی ئاو و چەندین هۆکاری دیکە ئەگەری تووشبوون بە ئیفلیجی منداڵان زیاد دەکەن، بەڵام نەخۆشییەکە دەتواندرێت بە کوتان ڕێگری لێ بکرێت.

 

ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هۆکارە نەرێنیانە بنەمایەکی گونجاویان بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی وەک ئیفلیجی منداڵان خوڵقاندووە، ئاگربەست مەرجێکە بۆ دەستوەردانێکی باشی نەخۆشیەکان.