پارێزەر زەهرا مینۆی زانیاری نوێی بڵاوکردەوە

پارێزەری بەهارە هیدایەت و تەرانە عەلیدووستی، دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکەی ڕوونکردەوە، کە لە خۆپیشاندانەکانی ژن-ژیان-ئازادی بەشداریان کردبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزەر زەهرا مینۆی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی تەرانه عەلیدۆستیی و بەهارە هیدایەتی بڵاوکردەوە، کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەشداریان کردبوو.

 

پارێزەر زەهرا مینۆی، ئاماژەی بەوەکرد بەهارە هیدایەت زیندانی سیاسی لە زیندان ئازاد نەکراوە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ٢٨ی ئەم مانگە دواخراوە.

 

بە وتەی ئەو پارێزەرە، بەهارە هیدایەت لە ئێستادا بەهۆی دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندان دەرچووە، ئازادکردنی بە بەشێک لە ماوەی زیندانی دادەنرێت، چونکە مۆڵەتی پێنەدراوە، لە حاڵەتی مۆڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ زیندان و ئەو کاتەی لە دەرەوەی بەسەری بردووە بە بەشێک لە ماوەی زیندانیکردن دادەنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهارە هیدایەت لە زیندان دەرهێنرا بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت لە ئەنجامی شێرپەنجەی منداڵدان، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە و دواتر گەڕێنرایەوە، ڕۆژی دواتر ئاگادارکراونەتەوە کە جێبەجێکردنی سزاکە، بۆ ماوەی دە ڕۆژ دوادەخرێت تا ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دەردەکەوێت. بۆیە لە زیندان دەرچووە.

 

زەهرا مینۆیی وتی: دۆسیەکەی تەرانه عەلیدۆستیی لە داواکاری گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پەیوەندی بە پۆستێکەوە هەبووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بووە،  بەپێی بڕیاری چاودێری کە دەرچووە، فەرمانی چاودێریکردنی بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ دەرچووە.