ژنانی شرناخ: باوەڕی تەواومان بە سەرکەوتن هەیە

ئەو ژنانەی لە شرناخ دەرگا بە دەرگا دەڕۆن و خەباتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، بڕیاریان داوە شارەوانییەکانیان بەدەستبهێنن، ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە تا هەڵبژاردن کۆتایی دێت، دژی هەموو فێڵ و چەواشەکارییەکان دەوەستنەوە و لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوو دەبن.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

شرناخ- ٣١ی ئاداری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکانی هەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەردەوامی هەیە و لە پارێزگاکانی کوردستان دووبارە "گواستنەوەی دەنگ" لە ڕۆژەڤ دایە، لە دوایین هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا ئاسایشی هەڵبژاردن و دەنگدان یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە سیاسییەکان و خەڵک سوورن لەوەی ڕێگری لە هەر ساختەکارییەک بکەن، شرناخ یەکێکە لەو شارانەی کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تیادا ئەنجام دەدرێت.

 

خەڵک لە دەرەوە دەهێنران و لە شار نیشتەجێ دەکران

بەپێی داتاکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لە ٣٢ شوێن ٥٤ هەزار و ٦٠٠ تۆماری نادروستی دەنگدەران چەواشە کران، لە کاتێکدا زۆربەی ئەم تانانە ڕەتکرانەوە، بەڵام ئەو دەنگدەرانەی کە گواستراونەتەوە بەزۆری ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت بوون و لە شرناخ بە هەزاران دەنگ بۆ هەردوو ناوەندی شار و ناوچەی قلابان و بێشەباب گواسترایەوە، حکومەت ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٨ هەزار دەنگدەری هێنایە سەنتەری ناوچەکە بۆی بتوانێ شارەوانی بەدەست بهێنێت.

 

لەو شارەی کە لە دوای ساڵی ٢٠١٥دا ٪٧٠ی لەناوچووە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا بکرێتە سەنتەری کرێ، هەژاری و کۆچکردنی زیادەڕۆیی، ئەمەش وەک گرنگترین کێشە نیشان دەدرێن، سەرەڕای سیاسەتە تایبەتەکانی شەڕ و گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت لە ناوەندی شار، ژنانی شرناخ کە درێژە بە خەبات دەدە، بڕیاریان داوە شارەوانییەکان بەدەستبهێنن و ڕایانگەیاند مافی ئەوەیان دەبێت بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

 

"'ئێمە بە مۆراڵ و بەهێزین"

لەیلا ئەنیک وتی: "شارەوانی خۆمان وەردەگرینەوە، ئێمەی ژنان خەباتێکی باش دەکەین، با ژنانی شرناخی نەترسن، بێنە گۆڕەپان و ئەم ستەم و چەوساندنەوەیە بوەستێنن، پیلانی زۆر لەسەر سندوقەکانی دەنگدان هەیە، هەزاران دەنگدەر هێنراونەتە شارەکە، پێویستە ئەم بۆشاییە پڕ بکەینەوە، ئەو دەنگدەرانەی هێنراونەتە ئێرە نوێنەرایەتی ئیرادەی ئێمە ناکەن، هەرچی لە تواناماندا بێت لەم پرۆسەیەدا دەیکەین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین، قەیوم کە هەرگیز لەم پرۆسەیەدا خزمەتی نەکردووە، دەستیکردووە بە دابەشکردنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردن، ناوی خەڵک دەبەن و لە بەرامبەر دەنگدان لە ژێر ناوی پارێزگاردا کەلوپەل دەدەن بە خەڵک، خەڵک شارەزای ئەو فێڵانەن، پێویستە کەس ناسنامەکانیان نەفرۆشن و خۆیان دەنگ بدەن، چونکە دەنگی ئێمە کاڵا نییە، بەڵکو دەنگی ئێمە ئیرادە و شەرەفمانە.

 

"لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدەین"

زاهیدە ئێرک وتی: متمانەی تەواومان هەیە کە شارەوانییەکان بەدەستدەهێنین، ئێستا هەموو خەڵکی ئێرە تەنها یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش وەرگرتنی شارەوانێتی شەرناخە، باوەڕیمان بەهێزە، بەم مۆڕاڵ و پاڵنەرەوە خەبات دەکەین، بە تایبەتی دەرگایەک نییە کە ژنانی پیادا تێنەپەڕیبێت، لە ئەنجامی هەموو هەوڵەکانمان شارەوانییەکانمان وەردەگرینەوە، پێویستە خەڵک دەنگی خۆی لە دژی ئەم دەنگە گواستراوانە بەرز بکاتەوە و ئیرادەی خۆی دووپات بکاتەوە، با خەڵک لە گۆڕەپانەکاندا کار بکات و لە ٣١ی ئاداردا باشترین وەڵام بەرامبەر ئەم فێڵانە بداتەوە.

 

"تەنها شتێک کە دەیزانن فێڵ و چەواشەکارییە"

زسەما ئیرەنەر باسی لەوەکرد، حکومەت دەزانێت کە ناتوانێت سەربکەوێت، خەریکی گواستنەوەی دەنگەکانە و وتی: هەروەک هەڵبژاردنی پێشوو، لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگەکان لە دەرەوە هێنراون، حکومەت هیچ لەبارەی کار و خەبات نازانێت، چونکە دەزانێت ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دەنگەکان دەگوازێتەوە، بەڵام ئێمە ئاگاداری ئەم فێڵانەین، شەو و ڕۆژ کار دەکەین و بۆشایی دەنگەکان پڕ دەکەینەوە کە دەگوازرێنەوە، وەک گەنجێک هیچ شوێنێک نییە بۆی نەڕۆین، هەرچییەک ڕووبدات ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. ئەمە نیشتمان و خاکی خەڵکی ئێرەیە، بۆیە لەم کاتەدا گەورەترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانمان و دەبێت زۆر بە زەحمەت کار بکەین و ئەو کەموکوڕیانەی کە هەن بدۆزینەوە و چارەسەریان بکەین.

 

"پێویستە خەڵکی شرناخ مێژووی خۆیان لەبیر نەکەن"

مریەم ئیرمەز وتی: پێویستە خەڵکی شرناخ لەم هەڵبژاردنەدا مێژوی خۆیان بناسن و خۆیان لەبیر نەکەن، پێویستە خەڵک یەکبگرن و ماڵ بە ماڵ بگەڕێن، ئەوان فێڵ لە هەڵبژاردندا دەکەن، بەڵام ئێمە کۆڵ نادەین و سازش لە کارەکانمان ناکەین، بانگەواز بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگ نادەن، دەڵێن بڕۆن و بۆ خودی خۆتان دەنگ بدەن، ئەم دەنگە تەنها دەنگ نییە، هەموو شتێکی ئێمەیە، ئێمەی کورد نابێت دەنگ بەوان بدەین، هەموو ئەوانەی دەڵێن ئێمە کوردین دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان و دەنگ بەخۆیان بدەن، ئەم سیستەمە دەبێت ئێستا بگۆڕێت.

 

"دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر بوون"

هەزنیە ئیرمەز وتی: هەموومان پێکەوە کاردەکەین و شارەوانییەکانمان وەردەگرنەوە، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئاهەنگی شرناخ دەگێڕین، بە هێزی ژنان و گەنجان شارەوانی خۆمان لە دەستی ئاکەپە بەدەستدەهێنینەوە، ئێمە دەستی یەکدەگرین و حەقیقەتمان وەردەگرین، ئێمە لە پێناو دایکان و زیندانیانی زیندانەکان و بۆ خۆمان سەردەکەوین، قەیومی شارەوانییەکان لە پرۆسەکەدا هیچیان نەکرد، تەنها دەوڵەمەندەکانی هێندەی تر دەوڵەمەندتر کرد، ڕێگەی نەدەدا خەڵک خانوو دروست بکەن، دیسانەوە پارەی ئاو دوو هێندە زیاتر بوو و ڕێگەی شارەکە گەشە بکات، تەنها بۆ خۆی و لایەنگرانی کاری دەکرد، بەڵام ئێمە شارەوانییەکان بەدەستدەهێنینەوە و خزمەت دەکەین.