شەپۆلی نوێ.. ژەهراویبوونی خوێندکارانی کچ لە ئێران بەردەوامە

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە سیاسەتی سیستماتیکی خۆیان بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان، دەیان خوێندکاری کچ لە ئەهواز بەهۆی هەڵمژینی ماددەی کیمیاییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

ناوەندی هەواڵ

 

شەپۆلێکی نوێی هێرشی کیمیایی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان لە ئێران بەم دواییانە دەستیپێکرد و دەیان خوێندکاری کچ لە زەنجان و ئێرانشار و ئەهواز بەهۆی ژەهراویبوونی گازی کیمیاییەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.

 

قوتابخانەی کەوسەر بۆ کچان لە ئەهواز ڕۆژی شەممە ٤ی تشرینی دووەم بەهۆی هێرشێکی کیمیاییەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی خوێندکاران لە ئێران، بووە هۆی ژەهراویکردنی دەیان خوێندکاری کچ، بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 

دوای بەردەوامبوونی "ژەهراویبوونی زنجیرەیی" لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و دۆخی سەختی خوێندکارانی ئەهواز بەهۆی هێرشە کیمیاییەکانەوە، جێگری کۆمەڵایەتی و سیاسی پارێزگای خوزستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەوەی خوێندکارانی ئەهواز تووشی دەبن ڕووداوێکی ئاساییەو هۆکاری ڕووداوەکە شلەیەک بووە کە دەبوو بخرێتە ناو گازی شارەکەوە و ئەمەش بۆنی ئەو گازەیە کە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا هەڵیدەمژن و زیانبەخش و ژەهراوی نییە.

 

شایانی باسە ژەهراویبوونی زنجیرەیی خوێندکاران هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی گەل لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ جەختیان لەوە کردەوە کە ژەهراویبوونی سیستماتیکی هیچ شتێک نییە جگە لە تۆڵەکردنەوەی حکومەت لە خوێندکاران و ژنان کە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینەکانیان دەکرد.