ژنانی ڕانیە کارە دەستییەکانیان لە هەفتە بازاڕێکدا نمایش کرد

هەفتە بازاڕی ژنانی دەستڕەنگین لە پارکی دەروازەی شاری ڕانیە کرایەوە، کە دەرفەتێکە بۆ خستەڕووی کاری دەستی ژنان.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ١٨ەمین هەفتەبازاڕی ژنان لە پارکی شاری ڕانیە کرایەوە و تیایدا ژنان کارە دەستییەکانی خۆیان نمایش کرد، کە دەرفەتێکە بۆ ژنان تا کارەکانیان ساغ بکەنەوە.

 

هەفتە بازاڕەکە بە سەرپەرشتی عایشە محەمەد ئەمین، سەرپەرشتیاری گروپی دەستڕەنگینی ژنان کرایەوە، بەرهەمەکانی ژنان پێکهاتوون لە کاری چنین و جلوبەرگ، شەتڵگە و دروستکردنی شیرینی، عایشە محەمەد ئەمین، لەبارەی هەفتە بازاڕەکەوە دەڵێت: لەم ڕێگەیەوە هەلی کارێکم ڕەخساندووە بۆ ژنانی هەرێمی ڕاپەڕین، تا ژنانی دەستڕەنگین لەسەر پێی خۆیان بووەستن، هیچ مەبەستێکی کەسیم نییە لەم هەفتە بازاڕە، تەنها ئامانجم ئەوەی ببێتە دەرفەتێک بۆ ژنان بژیوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و یارمەتی هاوژینەکانیان بدەن، هەم بتوانن بە کاری دەستی خۆیان شتی جوان دروستبکەن و بەشدار بن لە هەفتە بازاڕەکان و بێنە دەرەوە و کار بکەن.

 

عایشە محەمەد ئەمین دەشڵێت: چەندین ژن بەشدار بووە، چەندین جارە ئەم هەفتە بازاڕە دەکەمەوە، هەندێک جار ١٠ بۆ ١٥ ژن بەشدارییان کردووە، بەڵام بەشداری ژنان زۆر کەم بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی کەس نەبووە پشتگیریمان بکات، بەڵام من پەیامێکم هەیە دەمەوێت هەموو ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین بتوانن لە سەر پێی خۆیان بوەستن و بتوانن بێنە دەرەوە و ئەو کارانەی دروستی دەکەن لە هەفتە بازاڕەکەدا نمایشیان بکەن.