"ئێمە بە دڵۆپە ژینگە دەپارێزین و ئێران بە ڕووبار بۆمان لەناو دەبات"

ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس ئاماژە بەوەدەکات، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سنوری ئێران، ئاگر لە سێ گوندی سنوری هەڵەبجە کەوتووەتەوە و دەڵێت: ئێمە بەدڵۆپە ژینگە دەپارێزین و ئێران بە ڕووبار بۆمان لەناو دەبات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆیەوە نووسیویەتی: ماوەی چەند ڕۆژێکە لە وڵاتی ئێرانەوە ئاگر ڕووی کردووەتە سنوری گوندەکانی "دەرەتوێ، گریانە، هاوارەکۆن" و بەرەو هاوار بەڕێکەوتووە، ساڵانە ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کە لە وڵاتی ئێرانەوە بەدەستی ئەنقەست بێت یان هەر هۆکارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە و ئەو سروشتە جوانەی ناوچەکانمان بەیەکجاری ڕووی لەناوچوونە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای قەیرانە نەبڕاوەکان و نەبوونی ئاو، بەڵام هاوڵاتیانی ناوچەکە بەخوێنی خۆیان خەریکی ئاو دێران و پاراستنی باخ و باخاتەکانیانن، بەڵام ئەم شەپۆلی ئاگرانە بە یەکجاری سروشتی ناوچەکە تێک دەدات، هەروەها نووسیویەتی: دار قەزوانی چەندین ساڵ تەمەن هەمووی لە شوێنی خۆیدا دەبێتە خۆڵەمێش و دەبێت بڵێین هەبوو نەبوو، ساڵانێک ئەم شوێنانە داری قەزوانی لێبوو، داری بەڕوو و گۆیژ و چوالە و سەدان داری دیکەی سروشتی لێبوو، لەم نێوەندەدا ئاژەڵە بێ زمانەکانیش لەناو دەچن کە بەهۆی ئاگرەوە دەزانین چۆن دەبنە قەرەبرووت.

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا ڕەنگین سەلام وتوویەتی: گرنگە ساڵانە بیر لە ئاگربڕێک، شێوازێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سروشتە بەتایبەت لە ناوچە سنوریەکان بکرێتەوە، چونکە زۆرنا دووساڵی داهاتوو شاخەکان جگە لە بەرد و تاشە ڕووتەکان هیچی دیکەی پێوە نامێنێتەوە.