ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی مەغریب بۆ ٦٣٢ کەس بەرز بووەوە

وەزارەتی کاروباری ناوخۆی مەغریب ڕایگەیاند، لە بوومەلەرزەکەدا کە بە گوڕی ٧ پلەی ڕێختەر ڕوویدا، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ٦٣٢ کەسە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کاروباری ناوخۆی مەغریب ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ شەو کاتژمێر ٢٣:١٠ لە ناوچەی حوز لە مەغریب ڕوویدا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٣٢ کەس و ژمارەی برینداران بۆ ٣٢٩ کەس بەرزبووەتەوە.

 

لە بەیاننامەی پێشووی وەزارەتەکەدا هاتووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شارەکانی مەغریب و عەزیلال و ئەغادیر و ڤارزازات و شیساڤان بوون.

 

زەحمەتی گەیشتن به ناوچەکانی بوومەلەرزه هەیه

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی مەغریب، بوومەلەرزەکە بەتایبەتی لە ڕەباتی پایتەخت لە شارەکانی دار بیزاء، مەککەنز، ئەغادیر و فێز هەستی پێکرا، داوای بەخشینی خوێن دەکرێت وتیمەکانی فریاکەوتن لە مەغریب بەردەوامن لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، بەهۆی زیانەکان و داخستنی ڕێگاکان، تیمەکان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە گەیشتن بە ناوچەکانی بوومەلەرزەکە.

 

"گەورەترین بوومەلەرزەیە لە سەدەی ڕابردوو ڕوویدابێت"

ناسر کابور، سەرۆکی پەیمانگای جیۆفیزیکی نیشتمانی مەغریب وتی: ئەم بوومەلەرزەیە گەورەترین بوومەلەرزەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا لە سەدەی ڕابردوودا.

 

لەو بوومەلەرزەیەی کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٠٤ لە شاری حوسەیمات کەناری باکووری مەغریب بە گوڕی ٦.٣ پلە ڕوویدا، نزیکەی ٦٣٠ کەس گیانیان لەدەستداو ٩٢٦ کەس برینداربوون، هەروەها ١٥ هەزار کەسیش بێ ماڵ بوون.