هەرێمی کوردستان، لە چوار ڕۆژدا دەوڵەتی تورکیا ٢٥ شوێنی بۆردومان کردووە

بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لەلایەن ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق - تورکیاوە دوورن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئامارێکی نوێی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ئێوارەی ٣١ی ئابەوە، سوپای سەربازی تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆ سەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا.

 

سی پی تی ڕایگەیاند، لەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لە دەرەوە مانەوە، لە کاتی بۆردوومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان.

 

بەپێی ئامارەکەی سی پی تی، لە ڕۆژی ٢ی ئەیلوولیشدا، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کۆماری کرد لە پێنجوێن و هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانەدا.

 

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری زیان گەیاندن بە خانوو و بینای هاوڵاتیانی مەدەنی، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیاوە بە دەیان زەوی کشتوکاڵی سوتاون، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و ئابووری گوندەکان.