بەردەوامی پانێڵی ژنان؛ تێکۆشانی ژنان مۆدێلێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە پراکتیزە دەکات

لە پانێڵی دووەمی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ژنان باسیان لە گرنگی سیستمی هاوسەرۆکایەتی کرد، لەپێناو دیموکراتیزەکردنی سیاسەتدا، کە دەتوانێت نمونەیەکی دیکەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بێت، بە پاراستنی پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان.

بەیروت

 

پانێڵی دووەمی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد و ژنان باس لە "ئەزموونی ژنانی کورد بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانەکانی ناوچەکە" دەکەن، کە تا چەندە ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگ لە ناوچەکەدا بۆ ئازادی و تێکۆشانی ژنان دژی سیستمی سەردەست.

 

پانێڵەکە لەلایەن مونا الحیلالی، لە عێراقەوە، چالاکوانی ژنان لە بواری مافی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت.

 

هاوسەرۆکایەتی و خۆسەربوون بە ڕێگەچارەی ئازادبوونی ژنان نرخێنرا

تەوەری یەکەمی پانێڵەکە، لەبارەی ڕۆڵی سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە دیموکراتیزەکردنی سیاسەتدا لەلایەن نەسلیهان ئاکار، لە باکووری کوردستانەوە، ئەندامی بەڕێوەبەری گشتی هەدەکە، باسی لەوەکرد، مرۆڤ لە بوونیدا لێگەڕینی ئازادی هەیە، بۆیە بەردەوام لە تێکۆشاندا بووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە سروشتییەی خۆی، سیستمی ئێستا دەیەوێت مرۆڤ کۆیلە بکات لەپێناو بەڕێوەبردنی خواستەکانی خۆی، دەربارەی هاوسەرۆکایەتی بۆ دیموکراتیزەکردنی سیاسەت، لە نموونەشدا باکووری کوردستانی باس کرد، کە توانراوە بە چەسپاندنی هاوسەرۆکایەتی لە کایە جیاوازەکانی سیاسەت و حزب و ڕێکخراوەکانی ژنان و دەزگا جیاوازەکاندا، نمونەیەکی دیکەی بەڕێوەبردن پێشکەوت، کە بە ئیرادەی گەل و بە یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا توانرا دیموکراسی بنیادبنرێت و ئەمەش بووەتە مۆدێل بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و چەندین ڕێکخراو و ناوەندی دیکەی وڵاتانی دەرەوە.

 

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک، باسی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد لەناو سێگۆشەی ڕێکخستن بوون، خۆسەربوون و ئازادیدا کرد و ڕایگەیاند، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشەنگایەتی شۆڕشێکیان کرد دژی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی، هەتا ئێستا داگیرکاری لەسەر عەفرین، سەرێکانی و چەندین ناوچەی دیکە هەیە، سەرەڕای ئەوە ژنان بە ڕێکخستن بوون توانییان بگەنە ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆسەر بوونی ژنانیش بوونی هەیە، ئەمەش لە هەموو کایەکانی سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی، هونەری و سەربازی و ..هتد پارێزراوە و ژنان پراکتیزەی دەکەن، بوونی هێزەکانی پاراستی ژن-یەپەژە بۆ پاراستنی ژنان بووەتە نموونەیەک بۆ پاراستنی ژنان لە هەموو هێرشە داگیرکاری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، پاراستن تەنها هەڵگرتنی چەک نییە، ژنانی ڕۆژئاوا بە خۆڕێکخستن و خۆسەربوون، خۆپەروەردەکردن، خۆپێشخستن توانیان کۆمەڵگەیەکی نوێ، کە ژنان تیایدا ئازاد و سەربەست بن پێکبهێنن، وتیشی: ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو کایەیەکدا دەبێت ڕێژەی ٪٥٠ بپارێزن بۆ بەشداری کردنیان لە بڕیاردان و کار کردندا.

 

جەختکرایەوە ژنان بە هێزی تێکۆشانی ژنان ڕووبەڕووی داگیرکاری و کۆمەڵكوژی دەبنەوە

سیهام ڕەشۆ، لە شەنگالەوە، نوێنەری ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری ژنانی ئازادی کوردستان-تاژێ، لە کۆنفرانسەکەدا باسی لە ئەزمونی ژنانی شەنگال لە ژیانەوە دژ بە ستەمەکانی داعش کرد و ڕایگەیاند، ژنانی شەنگال لە مێژوودا ڕۆڵیان هەبووە لەناو باوەڕی ئێزیدییەکاندا، ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەسەر ئێزیدییەکاندا هات، کە ٧٥ فەرمانە، هەمیشە ژنانی کردووەتە ئامانج، سەدان ژن لە ١٣ی ئابی ٢٠١٤دا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا تا نەکەونە دەست چەتەکانی داعش و لە بازاڕی کۆیلایەتیدا نەفرۆشرێن و دەستدرێژی نەکرێتە سەریان، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ژنەی کۆمەڵکوژی بەسەردا ئەنجامدرا، خۆی بەڕێکخستن کردووە و لە هەموو بوارێکدا خۆی پەروەردە کردووە، ئەمڕۆ بووەتە پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێزیدی و لە چوارچێوەی عێراقیشدا یەکەم هێزی پاراستنی بەناوی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە دامەزراندووە.

 

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، باسی لە شۆڕشی "ژن – ژیان - ئازادی" لەگەڵ ژنانی ئێرانی و پێشەنگایەتی بۆ هەموو کۆمەڵگە کرد و ڕایگەیاند، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرۆکی تێکۆشانی کۆمەڵگە بوو، کە ژنان پێشەنگایەتیان کرد، سیستمی ناوەندگەرا و دەسەڵاتداری ئێران لە ئاستی باڵادا ژنان دەچەوسێننەوە و ڕووبەڕووی سیستمی پیاوسالاری دەبنەوە، ئەمەش هەموو بوارەکانی وەرزش، هونەر، سیاسی، کۆمەڵایەتی گرتبووەوە و لەسەر ناوی شەرەف دەکوژران، ئەم بندەستییە تا کاتی شۆڕش بەردەوام بوو، بەڵام ژنان لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هاواری ئازادییان کرد و جەختیان کردەوە کە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، ژنان و گەنجان داینەمۆی ئەم شۆڕشە بوون و نیشانیاندا کە ڕژێمی ئێران لەسەر شانی ئەوانە، کە دەبنە هاواری ئازادی هەموو کۆمەڵگە.

 

کۆنفرانسەکە بەردەوامە

کۆنفرانسەکە بە گفتوگۆ بەردەوامی هەیە، ژنان باس لە کێشە و گرفتەکانی ژنان لە وڵاتەکەیان دەکەن و سیستمی هاوسەرۆکایەتی و تێکۆشانی ژنان هەڵدەسەنگێنن، پانێڵی سێیەمی کۆنفرانسەکە سبەینێ، ١٩ی ئاب، لە چوارچێوەی " تێڕوانینی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ژنان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بەرز کردنەوەی ئاستی تێکۆشان بەردەوام دەبێت.