تۆڕێکی ئەمریکی دەربارەی شروبی کۆکەی منداڵان هۆشداری دەدات

دەرمانێکی کۆکەی منداڵان کە لە هیندستانەوە هەناردەی عێراق کراوە، لە ساڵی رابردوودا بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری منداڵان لە گامبیا و ئۆزبەکستان.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی بلوومبێرگی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، لە ٦ وڵات کە جۆرە شروبێکی تایبەت بە کۆکەی منداڵانی لێ دەفرۆشرێت، لێکۆڵینەوەی کردووە و بۆی دەرکەوتووە، ماددەی کیمیایی ژەهراویی تێدایە و گوایە لە دەرمانخانەکانی عێراقیش دەفرۆشرێت

 

شروبەکە ناوی "COLD OUT"ەو وەک چارەسەری کۆکە و سەرما لە چەندین وڵاتی سەرتاسەری جیهان بە منداڵان دەدرێت.

  

"ماددەیەکی کوشندەی مرۆڤی تێدایە"

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مانگی ئاداری ئەمساڵ، بوتڵێکی ئەو دەرمانە لە دەرمانخانەیەکی بەغدا کڕدراوە و لە پشکنینی تاقیگەیەکی سەربەخۆی ئەمریکیدا دەرکەوتووە، بە رێژەی ٢.١٪ ماددەی گلیکۆلی ئیسیلینی تێدا بووە، کە ئەوە ٢١ جار لە ڕێژەی ڕێگەپێدراو زیاترە، ئەو ماددەیە کوشندەیە بۆ مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بخورێت، ساڵی رابردوو ئەو دەرمانەی ئەو ماددە کیمیاییانەیان تێدابووە، رۆڵیان هەبووە لە گیانلەدەستدانی بەکۆمەڵی منداڵان لە گامبیا و ئۆزبەکستان.

 

بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پێنجەم جارە لە ماوەی ساڵێکدا پشکنینەکان دەریدەخەن کە دەرمانی هیندستانی ڕێژەیەکی لە ڕادەبەدەر گلیکۆلی ئیسیلینی تێدایە، لە پاڵ ئەو نەخۆشیانەی لە گامبیا و ئۆزبەکستان دروستبوون، پشکنینی تاقیگە حکومییەکان لە دوورگەکانی مارشاڵ و لایبیریاش بەرهەمی دیکەی پیسبووی هیندستانییان دۆزیووەتەوە، ئەگەرچی نەخۆشکەوتنی هیچ کەس بەهۆیانەوە تۆمارنەکراوە ،ساڵی ڕابردوو، لە گامبیا زیاتر لە ٦٠ منداڵ و لە ئۆزبکەستانیش نزیکەی ٢٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە

  

هەروەها رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO"" ڕایگەیاند، دەرمانێکی کۆکە کە دەوترێت لە کامیرۆن بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٢ منداڵ، ڕێژەیەکی ناسەلامەتی گلیکۆلی دووانە ئیسیلینی تێدابووە، کە ئەوەش لە لایەن کۆمپانیایێکی هندستانییەوە بەرهەمهێنرابوو