لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٧٨٩ پەنابەر لە ڕیگەی ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە

دەسەڵاتدارانی تونس ڕایانگەیاند، لە ١ی کانوونی دووەمەوە ٧٨٩ کەس کە ویستوویانە لە دەریای ناوەڕاستەوە بچنە ئەوروپا، گیانیان لەدەستداوە و ٣٤ هەزار کەسیش لە دەریا ڕزگارکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی ئاسایشی کەناراوەکانی تونس، لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، تەرمی ٧٨٩ پەنابەر کە هەوڵیانداوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا بپەڕنەوە، لە دەریا دەرهێنراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی ئەو پەنابەرانە خەڵکی ئەفریقان، بە گشتی ٣٤ هەزار کەسیش لە دەریاوە ڕزگارکراون و ئەم ژمارەیەش زۆر زیاترە لە ساڵی ڕابردوو.

 

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ئەمساڵ ژمارەی ئەو کۆچبەرە نائاساییانەی کە لە ڕێگەی دەریاوە هاتوونەتە وڵاتەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٧٥ هەزار کەس، کە ٤٤ هەزار لەو کەسانە لە تونسەوە چوون.

 

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٨٩٥ کەس لە ڕێگای چوونە یەکێتی ئەوروپادا گیانیان لەدەستداوە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.