سەرباز و پاسەوانانی تورکیا لە سیلۆپی دارەکان تاڵان دەکەن

دەوڵەتی تورک بە هاوکاری سەرباز و پاسەوانەکانی بەردەوامە لە تاڵانکردنی دار لە کوردستان،  لە گوندی بیلگای سیلۆپی پاسەوانەکان لەژێر چاودێری سەربازەکاندا هەزاران داریان بڕییەوە و ئەو گوندنشینانەی کە ناڕەزایەتییان دەربڕی، هەڕەشەیان لێکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵانکردنی دارەکان لە ناوچەکانی بەستا، جودی، گابار و جلێنمێژی سەر بە شرناخ بە سەرپەرشتی سەربازەکان و لەلایەن پاسەوانانەوە دەستی پێکردووە و ماوەی مانگێکە بەردەوامە، گوندی بیلگای سلۆپیش یەکێکە لەو شوێنانەی کە تاڵانکردنی دارەکانی لێ دەستی پێکردووە.

 

جەندرمە هەڕەشەی قەدەغەکردنی لە خەڵکی گوندەکە کرد

جەندرمەکان لە ژێر ناوی "ئەمنی" هەزاران داریان لە گوندی بیلگا بڕییەوە و خەڵکی ناوچەکە کاردانەوەیان بەرامبەر سەربازەکان هەبوو، تەنانەت کاتێک بەشێک لە هاووڵاتیان هەوڵیاندا ڕێگری لە بڕینی دارەکان بکەن، سەربازەکان هەڕەشەیان لێدەکردن کە "ئەگەر سەختی بۆ ئێمە دروست بکەن، هاتنە ناو گوندەکە قەدەغە دەکەین".

 

لە لایەکی ترەوە بڕینی دار لە گوندی ئاسورانی هەسانە لە بناری چیای جودی لە سیلۆپی بەردەوامە و دارە بڕاوەکان لەسەر بارهەڵگرەکان باردەکرێن و دەبرێنە دەرەوەی شار.