لە شەهبا، ژنان لە بەرامبەر گەمارۆ بەرگری دەکەن

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا و بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بەرامبەر بەربەستەکانی ژیان، تیشکیان خستە سەر گەمارۆدانی ناوچەکە و ئاناژەیان بەوەکرد، بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شامەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- گەلی عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە ناچار بە کۆچکردن کران و لە شەهبا نیشتەجێن، بارودۆخەکە بەهۆی توندکردنەوەی گەمارۆکانی حکومەتی شامەوە زیاتر قورس دەبێت، لە ٢٧ی نیسانەوە کارەبا ڕاگیراوە، هەروەها دەرفەتی چارەسەر لە نەخۆشخانە کەمکراوەتەوە بەهۆی گەمارۆ و ئابڵوقەوە ڕێگە بە دەرمانی پێویست نادرێت بچنە ناو ناوچەکەوە.

 

ژنانی عەفرین باسی ئەو بەربەست و سەختیانەیان کرد کە ڕۆژانە بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شامەوە دەیبنن و = ڕووبەڕووی دەبنەوە، داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە گەمارۆکانی حکومەتی شام.

 

شەو بە مۆم بەسەر دەبەن

ئەمینە بەکر ئاماژەی بەوەکرد، چووەتە بازاڕ بەڵام بەهۆی نرخەکەیەوە نەیتوانیوە کیلۆیەک سەوزە بکڕێت، وتی: ئێمەی کۆچەری عەفرین ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ژیان دەبینەوە لە شەهبا، گەمارۆی حکومەتی شام کێشەکانی ئێمەی خراپتر کردووە،  ناتوانین بچین بۆ بازاڕ و پێداویستییەکانی ماڵ بە ئاسانی بکڕین، چونکە هەموو شتێک گران بووە، دەمانەوێت ئەو گەمارۆیە لەسەر ئێمە هەڵبگیرێت و بە ئاسوودەیی بژین.

 

"بە بەرخۆدان زەحمەتییەکان تێدەپەڕێنین"

ئەمینە بەکر ئەوەشیختەڕوو شەوەکەیان بە مۆم بەسەر دەبەن بەهۆی نەبوونی کارەبای ماڵەوەو وتی: = چەند ڕۆژێکە لە تاریکیدان و شەوەکانمان لەبەردەم مۆمدا بەسەر دەبەین، بۆ بەردەوامبوونی بەرخۆدانمان، زاڵ دەبین بەسەر سەختییەکاندا، دەبێت ئەو گەمارۆیە بە خێرایی کۆتایی پێبێت.

 

دەرمانەکانی کە هەن لە کەمبوونەوەدان

هەڤین مستەفا، کە چووە بۆ نەخۆشخانەی ئاڤرین، ئاماژەی بەوەکرد دەرمانە پێویستەکان بۆ چارەسەر بەردەست نین و وتی: ئێمە نەخۆشین بۆیە هاتووینەتە  نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، پزیشکەکانی نەخۆشخانە یارمەتیمان دەدەن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێندراوە، کڕینی دەرمان زۆر گران بووە، لانیکەم پێویستە نەخۆشەکان دەرمانیان بۆ دابین بکرێت، هەروەها ئەو دەرمانانەی لە نەخۆشخانە بەردەستن زۆر کەمن و خەریکە تەواو دەبن، ئێمە چەندین بەربەستی ژیان لە شەهبا دەبینین بەهۆی بەربەستی حکومەتی شامەوە.

 

هەڤین مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گەمارۆیە سیاسەتێکى تایبەته که لەسەر گەل دەکرێت و داوای له ڕێکخراوه مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کرد ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەم گەمارۆیە بهێنن.