لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن باس لە پێشێلکارییەکانی ناو ڕاگەیاندن کرا

لە کوردستاندا لەگەڵ بوونی یاسا و بانگەشەکردن بۆ دیموکراسیەت، بەڵام تا ئێستاش ڕۆژنامەنووسان و ژنانی ڕۆژنامەنووس توندوتیژیان بەرامبەر دەرکێت و دەنگیان کپ دەکرێت، لە بارەیەوە سیمپۆزمێک لە سلێمانی ڕێکخرا.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ  لە هۆڵی کتێبخانەی پەیمانگەی ناشناڵ بۆ تەکنەلۆژیا، سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن بە بەشداری "دکتۆر سامان فەوزی، مامۆستا ڕۆژان و دکتۆر کاروان عەلی" ئەنجامدرا و تیایدا باس لە دۆخی ڕاگەیاندن و ئازای ڕاگەیاندن کرا.

 

لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لە ئازادی ڕادەربڕینی ڕۆژنامەنووسان کرا و ئەو پێشلکاریانە کرا کە تا ئێستاش بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت و ڕۆژنامەنووسان دەچەوسێندرێنەوە، لە پای دەربڕینی بیر و ڕای ئازادیان لە سووچی زینداندا خۆیان دەبیننەوە.

 

مامۆستا ڕۆژان سیفور، دەربارەی توندوتیژییەکان لە ڕێگەی ئۆنڵاین بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەتایبەت ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕوونیکردەوە، زۆرترین توندوتیژی لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و ژنان دەکرێتەوە، ڕۆژانە لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هێرش و توانجی کۆمەڵگە دەبنەوە، چەندین کۆمێنتی ناشرین و قسەی نەشیاویان بۆ دەچێت لە کاتێکدا بابەتەکە ئەوە نییە قسەی ناشیرینی پێ بوترێت تەنها لەبەر ئەوەی ژنە هێرشی دەکرێتە سەر.

 

هەندێک لە توندوتیژییەکان لە ڕێی هاککردنی ئەکاوونتەکانیانەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵێک وێنە و قسەی نەشیاو بڵاو دەکەنەوە، بەو شێوەیە کەسەکە لە کۆمەڵگەدا ناشرین دەکەن، ئەوەی گرنگیشە بە لای کۆمەڵگیەی کوردییەوە بەها کۆمەڵایەتییەکانە و وای لێدەکات دوور بکەوێتەوە لە کارەکەی.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئەم هۆکارانە و توندوتیژیانە وادەکەن ژنان پاشەکشە بکەن لە کاری ڕاگەیاندن، یاخود وروژاندنی ئەو بابەتانەی هەستیارن لە کۆمەڵگەدا، بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش لە سێ ژنی ڕۆژنامەنووس یەکێکیان واز دەهێنێت و دووردەکەوێتەوە لە کاری ڕۆژنامەنووسی تەنها بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە، بەشێکی دیکەشیان توشی نەخۆی دەروونی دەبن.