"پێویستە پاڵپشتییەکان بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بەردەوام بێت"

جەیلان پالاموت، کە لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە لە هاوکاریکردن بەردەوامە، ئاماژەی بەوەدا، نابێت بوومەلەرزەکە لە کارنامەی هەڵبژاردندا لەبیر بکرێت و داوای بەردەوامی هاوکارییەکانی کرد.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- خەڵکی ئەو شارانەی دوای بوومەلەرزەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بە هاودەنگی برینەکانیان ساڕێژ دەکەن، لەو شارانەی کە بەپێی دوایین ڕاگەیاندنەکان ٥٠ هەزار و ٣٩٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش ناچاربوون کۆچ بکەن، لە یەکەم ساتەوەختەوە هەماهەنگی قەیرانەکان لە مەیدانەکەدا بووە و تیمە خۆبەخشەکان کاریان کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە شارەکاندا، هەرچەندە ٢ مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا پێویستیی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دابین نەکراوە و ئەو خۆبەخشانەی بۆ هاودەنگی دێنە هەرێمەکان، دەڵێن: نابێت ئەجێندای بوومەلەرزەکە لە هەڵبژاردندا پشتگوێ بخرێت.

 

هەماهەنگی قەیرانەکانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و گروپە خۆبەخشەکان کە لە یەکەم ڕۆژەوە چوونە ناوچەی بوومەلەرزەکە و هاوکاری خەڵکیان کرد، لە هەمان کاتدا شارەوانییەکانی سەر بە هەدەپە لە سیلۆپی، چینار، پاتنۆس و بالڤێرن گروپەکانیان ڕەوانەی ناوچەی بوومەلەرزەکە کرد و خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد.

 

ئاستەنگەکانی ئافاد و والییەکان ڕێگر نەبوون لە خەباتەکان

لە ڕۆژی دووەمی بوومەلەرزەکەدا، قەیوم بۆ ئەو کۆگایە دانرا کە لەلایەن هەماهەنگی قەیرانەکانەوە لە مەلا جەمی بازارجیخ کرایەوە، هەماهەنگییەکە بە دانانی قەیوم کارەکانی خۆی ڕانەگرت و بەردەوام بوو لە درێژەدان بە تۆڕی هاوکارییەکانی، تا ئێستاش سەدان هاوڵاتی لەو چادرانەدا دەژین کە ڕێکخراوە کرێکاری و دیموکراسیەکان لە هاتای و سەمسور دروستیان کردووە، ئەو تیمانەی لە یەکەم ڕۆژەوە لە مەیدانەکەدا بوون سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی قەیوم و پۆلیس بەردەوامن لە کارەکانیان.

 

ئافاد کە لەم پرۆسەیەدا لە مەیدان نەبوو، دەستی کرد بە وەرگرتنی هاوکاری زۆر کە ڕەوانەی ناوەندەکانی هەماهەنگی دەکرا، لەو یارمەتییانەی کە لە ئەوروپاوە دەهاتن، مەرجی 'ئافاد کاش' لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە لە گومرگەکاندا دانرا.

 

هەماهەنگییەکە گەلی بە تەنیا بەجێ نەهێشتەوە

ژنان و کارمەندانی تەندروستی و گەنجان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوامن لە کارکردن لە ناوچەکاندا، ماوەی ٢ مانگە قوربانیانی بوومەلەرزەکەیان بەتەنها بەجێ نەهێشتووە، هێشتا پێویستی لەو شارانە هەیە کە برینەکانیان بە جێگیربوون ساڕێژ دەبێت، ناوچەی بوومەلەرزە لەگەڵ کارنامەی هەڵبژاردن پشتگوێ خراوە، گروپە خۆبەخشەکان کە بۆ هاودەنگی هاتبوونە سەمسور ڕایانگەیاند، نابێت ناوچەی بوومەلەرزەکە لەبیر بکرێت.

 

"پێویستە کارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام بن"

جەیلان پالاموت، ئەندامی دەزگای کۆچ و هاوکاری مرۆیی ئامەد، ڕایگەیاند، تەنانەت دوای ٢ مانگیش پێویستی نوێ سەرهەڵدەدات و زۆرێک لە پێداویستییەکانی ئەو خەڵکەی لە سەمسورن هێشتا دابین نەکراون، برینەکانی بوومەلەرزەکە لە ماوەی مانگێک یان دوو مانگدا چاک نابێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە شارەکاندا ڕووینەداوە، وتیشی: ئەوە چوارەم جارە دێمە ئێرە، لە هەفتەی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا هاتووین بۆ ئێرە تا پشتیوانی لە منداڵەکان بکەین، لە سەرەتای هاوکارییەکاندا ئەو پێداویستیانەمان ‌هێنا کە بە پێی دۆخی ناوچەکە پێویست بوون، هەر جارێک دێین دیاری دەکرێت کە پێویستی نوێ هەیە و بەپێی ئەوە دابەشیان دەکەین، پێویستییەکان لێرە دەبێت بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام جێبەجێ بکرێن، کێشەکانی لێرەدا ئەوانە نین کە بە یەک دوو مانگ چارەسەر بکرێن.

 

جەیلان پالاموت دەربارەی هەڵبژاردنەکان وتی: تورکیا دەچێتە ناو پرۆسەیەکی هەڵبژاردنەوە و ڕۆژەڤ بووەتە هەڵبژاردن، پێویستە لەم دۆخەدا زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لەبیر نەکرێن ونابێت ئەم دۆخە وا دەربکەوێت کە هەرگیز ڕووی نەداوە، قەیرانەکە بەردەوامە و پێویستە پشتگیری بەردەوام بێت.