"دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە ڕفاندن مرۆڤ بکاتە سیخوڕ"

فەریدا ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری عەفرین-شەهبا، کارەکانی دەوڵەی تورکی داگیرکەری ئاشکرا کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا بە ڕفاندنی ژنان دەیەوێت سیخوڕی خۆی لەناو کۆچبەرانی عەفریندا دابمەزرێنێت.

شەهبا

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە کردەوەکانی لە دژی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک ئەنجام دەدات، پشت بە ڕفاندن، کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبەستێت، ئاستی کردەوەکان تاوانی جەنگیان تێپەڕاندووە و بێدەنگی دەوڵەتەکانیش هاوکاری ئەو کردەوانە نیشان دەدات.

 

سێ مانگ بەر لە ئێستا، دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ژنێکی عەفرینی بە ناوی دیجلە بەکر لەگەڵ چوار منداڵەکەی لە ئیستەنبوڵ ڕفاند، کە لەگەڵ خێزانەکەی لەوێ دەژیا، بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەیان نییە، دوای ماوەیەک لە ئۆپەراسیۆنی ڕفاندن، کۆمەڵێک ئەندامی چەتەکان پەیوەندییان بە هاوژینەکەی دیجلە بەناوی ئیدریس موسا کرد و داوایان کرد کە برای دیجلە یارمەتییان بدات و کاری سیخوڕی بکەن، وتویانە ئەگەر برای دیجلە، کە لە کانتۆنی شەهبا دەژی، سیخوڕی قبوڵ نەکات، ئەوا چارەنووسی دیجلە و منداڵەکان خراپ دەبێت.

 

فەریدا ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری عەفرین-شەهبا، کردەوە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هەڵسەنگاند و تیشکی خستەسەر شێوازەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیا دژی خەڵک و وتی: ئامانجیان ئەوەیە لە ڕێگەی سیخوڕەکانەوە لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بدەن، بەڵام هەرگیز خەونەکانی بەدی ناهێنێت.

 

"دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێک چالاکی خۆی ئەنجام دەدات"

لە سەرەتای قسەکانیدا، فەریدا ئیبۆ کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای دژ بە گەلی کورد بە تاوانی جەنگ پێناسە کرد و وتی: ٥ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی، ڕۆژانە هێرش و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سروشت ئەنجام دەدرێت، تەنها لە عەفرین نا، بەڵکو لە شارەکانی تورکیاش کردەوەی خراپ دژی هاوڵاتیانی کورد ئەنجام دەدەن، ڕفاندنی ژنێکی عەفرینی و منداڵەکانی له ئیستەنبوڵ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەوە نیشان دەدات.

 

"داگیرکاریی تورکیا هەوڵی سیخوڕیکردن بۆ سەر خەڵک دەدات"

فەریدا ئیبۆ باسی لە ڕفاندنی دیجلە بەکر کرد و ڕایگەیاند، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک هیچ سنوورێکی نەناسیوە و هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سیخوڕیکردن لە ڕێگەی خێزانی کۆچبەرانەوە و وتی: دیجلە و خێزانەکەی لە عەفرینەوە چوونەتە تورکیا بۆ ئەوەی خۆیان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بپارێزن، لەبەر ئەوەی لە عەفرین بوون، لەلایەن چەتەکانەوە ڕووبەڕووی کردەوە بوونەتەوە و دیجلە چەند جارێک دەستگیرکرا، چونکە لە خاکەکەیان کۆچیان کردووە، دوای ماوەیەک، هاوژینەکەی دیجلە چوو بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی ماڵ ببەنە ئەوێ و لەوێ بژین، بەداخەوە، دوای ڕۆیشتنی هاوژینەکەی دیجلە، میتی تورکیا دیجلە و چوار منداڵەکەی ڕفاند و داوای کرد براکەی سیخوڕی بکات، تورکیا ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەی سیخوڕەکانەوە لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بدات، بەڵام هەرگیز خەونەکانی بەدی نایەت.

 

"با فشار بخەنە سەر تورکیا"

لە کۆتاییدا، فەریدا ئیبۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی، بۆ ئەوەی واز لە کردەوەکانیان بهێنن، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان، هەوڵ دەدەین لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کار بکەین بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخی خێزانە ڕفێندراوەکە و ڕزگارکردنیان.