کەمپەینی نامە نووسین بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ڕاگەیەندرا

لە درێژەی ئەو گۆشەگیریانەی دەوڵەتی تورکیا خستوویەتییە سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ژنانی ئازادی کوردستان کەمپەینێکی نامە نووسینیان ڕاگەیاند.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە بارەگاکەیان لە شاری سلێمانی، دژی گۆشەگیرییەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا دەستپێکردنی کەمپەینی نامە نووسنیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.

 

پێش خوێندنەوەی بەیاننامەکە ژنانی ئازادیخواز ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئۆڤەیش ئۆجالان، دایکی ڕێبەری گەلی کوردیان بەبیرهێنایەوە کە لە ١١نیسانی ١٩٩٣ کۆچی دوای کردووە.

 

چرۆ شوانی، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کراوە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئۆجالان لە زینداندایە و ئەمەش کوشتنی مێژووە و گەلی کورد لە ئاست ئەمەدا بێدەنگ نابێت.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "فکری ڕێبەر ئۆجالان ئازادی ژن و زیندوو هێشتنەوەی ژینگەیە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەر لە ئیمرالییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئێستا بووە بە سیمبولی ئازادی ژنانی جیهان، بووە بە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگە تاریکەکانی ژیانی کورد و بە تایبەتی ژنان، ئەوەش بەرهەمی ئەو خەبات و تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانەوە دەیکات، هەروەها ماوەی دوو ساڵە گۆشەگیری توند خراوەتە سەر ڕێبەر ئۆجالان و مافی بینی لێ سەندراوەتەوە لەگڵ پارێزەر و خێزانەکەی.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕاگەیەندرا، "ئێمە وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک بەرامبەر ئەو پیشێلکارییەی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نابین و کەمپەینی نووسینی نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی هیوا ڕادەگەیەنین، هەروەها داوا لە سەرجەم ژنانی پارچەکانی کوردستان و جیهان دەکەین کە بەشداری ئەم کەمپەینە بکەن، کەمپینەکەش تا کۆتای مانگی نیسان بەردەوام دەبێت".