٢٣ وڵات لەسەر بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران ڕێکدەکەون

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئینگلتەرا و ئایسلەندا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران پەسەند کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران، پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ و بێ سزای سیستماتیکی بۆ دەستبەسەرکراوان شەرمەزار کرد و نیگەرانی قوڵی دەربڕیوە و ڕایگەیاند، "خەڵک بەهۆی بەشداریکردنیان لە لە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوودا بە لێشاو لەسێدارە دەدرێن".

 

ئەنجومەنەکە داوای هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، کردووە و جەختیشی لەوە کردەوە، دادگاییکردنەکان دەبێت تەنیا لەلایەن دادگای کارامە و سەربەخۆ و بێلایەنەوە ئەنجام بدرێت.

 

ئەنجومەنەکە "هەڵاواردن و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین یان بیروڕای سیاسی" لە ئێران شەرمەزار کرد و خوازیاری زامنکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا بۆ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە بوو.

 

ئەم بڕیارنامەیە بە دەنگی ئەرێنی ٢٣ وڵاتی ئەندام لە کۆی ٤٧ ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ پەسەند کرا، هاوکات ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێویاندا جەزائیر، کامیرۆن، گابۆن، جۆرجیا، نیپاڵ، قەتەر و وڵاتانی دیکە، خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت، لە کاتێکدا هەشت وڵات، ئەوانیش بەنگلادیش و بۆلیڤیا، چین، کوبا، ئێریتریا، کازاخستان، پاکستان و ڤێتنام، دژی بڕیارنامە پێشنیار کراوەکە دەنگیان دا.