کوشتنی سیستماتیکی منداڵان لە ئەفغانستان

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند منداڵێک بە شێوەیەکی قێزەون لە شار و پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستان کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی گروپی توندڕەوی ئیسلامی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە هاتنە سەر دەسەڵات، ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکی شەڕ و ململانێ و بێ یاسایی لە وڵاتی ئەفغانستاندا بوون.

 

ڕۆژی ٣ی نیسان، دوو منداڵی تەمەن ٨ و ١٠ ساڵان لە شاری گۆسفەندی سەربە پارێزگای سەرپول لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران، لەکاتێکدا مەڕەکانیان بۆ لەوەڕاندن بەناو شارەکەدا دەبرد.

 

ئەم منداڵانە، وەهادی تەمەن ٨ ساڵ و محەمەد یونسی تەمەن ١٠ ساڵ، بە لێدانی دار و بەرد لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون و پارێزگاری تاڵیبانیش لەم شارەدا بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی کوشتنەکە و پاڵنەرەکانی، ڕایانگەیاند سێ کەس کە پەیوەندییەکان بە کوشتنەکەوە هەیە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەم کەیسەدا بەردەوامە.

 

لە هەمان ڕۆژدا منداڵێکی دیکە بە ناوی سەید ڕەشیدی ١٢ ساڵ لە گوندی بیشبلەی شاری قەیسەر لە پارێزگای فاریاب بە شێوەیەکی نهێنی کوژرا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی خۆجێی تاڵیبان گیانلەدەستدانی ئەم منداڵەیان بە خۆکوشتن ڕاگەیاندبوو، پزیشکی دادوەری شاری قەیسەر ڕایگەیاند کە ئەم منداڵە خۆکوژی نەکردووە، بەڵکو بە پەت خنکێنراوە و دواتر هەڵواسراوە، هەروەها نیشانەی لێدان لەسەر جەستەی منداڵەکە هەبووە.

 

هەروەها ڕۆژی ٢ی نیسان، لە گوندی بیانی سەر بە شاری سیغان لە پارێزگای بامیان، منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی شەمسولحەق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا.

 

ڕۆژی ١ی نیسانیش، منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵان بەناوی بیلال خەڵکی گوندی قەسابان سەر بە پارێزگای کاپیسا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و دواتر تەرمەکەی ئاگری تێبەردرا، ئەم منداڵە تەمەن ٥ ساڵە لە نزیک ماڵەکەی خۆی ڕفێندرا و تەرمەکەی بە تووتێنراوی لە گوندێکی نزیک قەسابان بە ناوی کاکری دۆزرایەوە.