نەتەوە یەکگرتووەکان: ملیۆنان خەڵک بەتایبەتی ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە پەیامێکدا  داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات ڕێککەوتنامەکانی قەدەغەکردنی مینی دژە کەسیی و بۆمبی هێشویی تەواو جێبەجێبکەن و دەڵێت: ملیۆنان خەڵک، بە تایبەتی ژنان و منداڵان لە هەر هەنگاوێکدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ


ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٤ی نیسان ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی مین و هاوکاریی کاری مین ڕایگەیاند، ملیۆنان خەڵک بە تایبەتی ژنان و منداڵان، کە لەناو کێڵگەی میندان بەهۆی پشێویی شەڕی چەکدارییەوە لە هەر هەنگاوێکدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، هەتا دوای وەستانی شەڕیش، دوای خۆی چەندین مەترسیی کارەساتبار جێدەهێڵێت، وەک مین و پارچە و بۆمبی نەتەقیو کە کۆمەڵگە دەتەنن، هەرگیز دڵنیایی سەلامەتی نایەتە ئاراوە ئەگەر ڕێگاوبانەکان و کێڵگەکان مینڕێژ کرابن، یان کاتێک پارچە و بۆمبی نەتەقیو هەڕەشە بن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، یان کاتێک منداڵان یاری بە پارچەی نەتەقیوەوە دەکەن کە پێیاندا دەتەقنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مین "UNMAS" هاوبەشکارەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە بۆ هەڵگرتنەوەی ئەم چەکە مەترسیدارانە و یارمەتیدانی دەسەڵاتی نیشتمانی و دابینکردنی دڵنیایی سەلامەتی بۆ هاتوچۆی ماڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و کێڵگەی جوتیاران.

 

وتیشی: کۆششە جیهانییە بەرفراوانەکان زۆر پێویستن بۆ پاراستنی خەڵک لە مینەکان، بۆیە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکەم ڕێککەوتنامەکانی قەدەغەکردنی مینە دژە کەسیی و بۆمبی هێشویی و قەدەغەکردنی چەند جۆرە چەکێکی تەقلیدی پەسەند و تەواو جێبەجێبکەن، لەم ڕۆژە جیهانییەدا، با ڕێوشوێنەکان بگرینەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم ئامێرانەی مردن و پاڵپشتی بزوونتەوەکان بکەین لە کاتی بوژانەوە و چاکبوونەوە و یارمەتی خەڵکی بدەین بۆ گەڕانەوە و بونیادنانەوە و دەستپێکردنەوەی ژیانیان بە سەقامگیریی.