"دەنگی دایکم لە ژێر داروپەردووەکاندا دەهات، بەڵام نەمانتوانی ڕزگاری بکەین"

لە بوومەلەرزەکەی سەمسور ٧ کەس لە بنەماڵەی زەینەب ئەرگون گیانیان لەدەستداو زەینەب ئاماژەی بەوەکرد کە تا ڕۆژی چوارەم دەنگی دایکی بیستراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گروپە ڕزگارکەرەکان نەچوون نەیانتوانی هیچ کارێک بکەن و چاوەڕێی مردنی دایکی بوون.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- لەو شارانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بوون، داروپەردووی بینا ڕووخاوەکان لەسەر زەوین و تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بێسەروشوێنن، ڕزگاربووان ئاماژەیان بەوەکرد لە ٦ی شوباتەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە ئەو کەسانەی کەکەسوکاریان لەدەستداوە، هەرگیز ئەو شتانەی لەو ڕۆژەدا ڕوویانداوە لەبیری ناکەن.

 

زەینەبی ئەرگون لە بوومەلەرزەکە ٧ کەسی لە خێزانەکەی لەدەستدا، دایکی و دوو خوشک و براو و زاوا و سێ خوشکەزاکەم لە ژێر داروپەردوودا مابوونەوە، زەینەب وتی: "ئەوانەی لەم ئازارەدا ناژین تێناگەن لە کاتی بوومەلەرزەکە ڕام کرد بۆ ماڵی دایکم، بەڵام بینای ڕووخاوم بینی، هیچ کەسێک نەهات بۆ یارمەتیدان لە سێ ڕۆژی یەکەمدا".

 

"کەس لەگەڵ ئێمە نەبوو"

زەینەب ئەرگون، وەک هەزاران کەس ئاماژەی بەوەکرد لە سێ ڕۆژی یەکەمدا ئافاد نەبوو وتی: " ئێمە لەوێ ئازارمان هەبوو، کەس لەگەڵ ئێمە نەبوو، لە ڕۆژی چوارەمدا براکەمیان دەرهێنا، لە ڕۆژی پێنجەم خوشکەکەم و هاوژینەکەی و خوشکەزاکانمیان دەرهێنا، ئێمە تا ڕۆژی هەشتەم چاوەڕێی دایکمان بووین، تەنها خۆمان دەزانین کە لەو کاتەدا چیمان چەشتووە، ئەمە ئازارێکی گەورەیە و برینێکی زۆر سەختە بۆ ئێمە، نازانم چۆن پێیدا تێپەڕ دەبین، براکەم گورزی زۆری بەرکەوتبوو، بەڵام دایکم زیندوو بوو، دایکم و خوشکەزاکانم بەهۆی پشتگوێخستنەوە گیانیان لە دەست دا".

 

"ئەو تیمانەی هاتن وتیان ئەم بینایانە مەترسیدارە و ڕۆیشتن"

زەینەب ئەرگەن ئاماژەی بەوەکرد دەنگی دایکی بیستراوە بەڵام نەیانتوانیوە دەری بهێنن و وتی: "لە ڕۆژی سێیەمدا سەربازەکان هاتن، گوێیان لە دەنگی دایکم بوو،  دایکم و خوشکەزاکەم هەردووکیان دەنگیان دەهات،  بەڵام تیمەکان وتیان ئەم بینایە مەترسیدارە و هیچیان نەکرد و بەجێیان هێشت، بەڵێ، ئەوە مەترسیدار بوو، بەڵام پێویست بوو شتێک ئەنجام بدرێت، گرنگ نیە کە چەندە مەترسیدار بوو، یارمەتی پێویست بوو لەو ساتەدا. ئێمە دەبوایە چەند ڕۆژێک لە چاوەڕوانی یارمەتی بمێنینەوە، سەمسور هەمووی بەو شێوەیە بوو".

 

"٨ ڕۆژ چاوەڕێی مردنی دایکمان کرد"

زەینەب ئەرگون بەبیری هێنایەوە کە شەوانە لە شەقامەکان داوای یارمەتی کردووە، بەڵام هیچ کەسێک لەوێ نەبوو و وتی: "هەزاران کەس کە لە ژێر داروپەردوودا مابوونەوە مردن، ئێمە ٨ ڕۆژ چاوەڕێی مردنی دایکم بووین، چۆن بەم ئازارە سەختانە بژیم؟ لەم ڕۆژانەی دواییدا تەنها ویستمان تەرمەکانمان وەربگرینەوە، چونکە کاتێک کرێکارانی ئافاد هاتن پێیان وتین کە ئەم بینایە مەترسیدارە و ناتوانین بچینە ژوورەوە کەسێک هات و وتی دەنگێک لە بیناکەدا هەیە، ئەوان هاتن بۆ ڕزگارکردنی خەڵک، بەڵام دایکمیان بەجێهێشت و ڕۆیشتن، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەنگی خەڵک لە ژێر داروپەردووەوە دەهات، بەڵام بۆ مردن جێهێڵدران و هیچیان نەکرد، دوای ڕۆژی چوارەم دەنگی دایکم نەما، هەموو تیمەکان دایکمیان بەجێهێشت، دایکم ٨ ڕۆژ لە ژێر داروپەردوودا مایەوە".