ڕێپێوانی ژنان لە سلێمانی؛ ٨ی ئادار ڕۆژی سەرهەڵدانە دژی زهنیەتی پیاوسالاری

لە یادی ٨ی ئاداردا کە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕێپێوانێکی جەماوەریان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەوە بەرەو پارکی ئازادی، بە دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی، ڕێپێوانی گەلە بەرەو شۆڕشی ژنان" و بە بەشداری ژنانای چالاکوان و ئازادیخوازان و خەڵکی شاری سلێمانی ئەنجامدرا.

 

دروشمی سەرەکی ڕێپێوانەکە "ژن، ژیان، ئازادی" بوو هەروەها دروشمی "ژن ژیانە مەیکوژە" وترایەوە و وێنەی شەهیدانی پێشەنگی ژن و ئاڵای ڕژاک بەرز کرایەوە.

 

سوهام مەحمود، ئەندامی ڕژاک، لە ڕێپێوانەکەدا بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، "٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانە دژی زهنیەتی پیاوسالاری و ژنکوژی و دەسەڵاتداری، سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، کورد پشکی شێری بەرکەوتووە تێیدا، خوڵقاندنی ئەم دۆخە بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێزەوەیە، تورکیاش بە هەموو شێوەیەک هەوڵی قڕکردنی کوردان دەدات و لە هەر کوێیەک کورد هەبێت دژایەتی دەکات.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "تورکیا لە لایەکەوە بینای خراپ لە باکووری کوردستان بە تایبەتی ناوچە کوردیەکان دروستدەکات بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، سەرەڕای ئەم دۆخە، هەڕەشە و کوشتن هەر بەردەوامە، بەڵام ئێمە وەکو کوردی باشووری کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەکی پارچەکانی تری کوردستان دەکەین، وە پێویستە پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکەین کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ئێمەی ژنان بۆ ئەوەی ڕۆڵمان هەبێت دەبێت یەکبگرین و پشتیوانی یەک بکەین و خەبات بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان.

 

لەیلا شەریف، وەک بەشداربوویەکی ڕێپێوانەکە ئاماژەی بەوەکرد، بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان دەکات، وتیشی: داوا دەکەم کە ژنانی کورد پیشەنگ بن و زیاتر هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و لەسەرپێی خۆیان بوەستن و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکەنە دروشمی ژیانیان.