ڕێپاک: ئەقڵیەتی نادیموکراتیک و پیاوسالار توندوتیژی سەر ژنان چڕ دەکاتەوە

ڕێپاک بەیاننامەیەکی نووسراوی بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، " فشارە فرەلایەنەی دەسەڵاتی دەوڵەت-پیاو دەیکاتە سەر ژنان، ترسی سیستمی پیاوسالاری نیشان دەدات".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاک، بەبۆنەی هاتنی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری جینۆسایدی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەڕێوەدەبات و ژنان قوربانی سەرەکی سیاسەتەکانن، جەختیش لە یەکێتی ژنان دەکات و دەڵێت: لە باشووری کوردستان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی هەیی، یەکێتی و بەرخۆدان پێویستە.

 

دەقی بەیاننامەی ڕێپاک بەبۆنەی ٨ی ئادار بە دروشمی "یەکێتی و خەباتی ژنان ژیان ئازاد دەکات"؛

لە شارستانیەتی سەرمایەداری ئەم سەردەمەدا جینۆسایدێکی گەورەی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری بەسەر کۆمەڵگە و ژناندا دەسەپێنرێت، لە دژی ئەم سیاسەتە جینۆساید و ستەمکاریانە بەرخۆدانی و خەباتێکی گەورە بەڕێودەچێت، لە دژی هەژموونی پیاو، شەڕ، نایەکسانی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی، ستەم، توندوتیژی و کۆیلایەتی، بە درێژایی مێژوو خەبات و بەرخۆدانی بێهاوتا هەبووە، بۆیە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجکێشەوە، لە ڕۆزاوە تا ساکینە، ڕێز لە هەموو ئەو ژنانە دەگرین کە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەختکرد و بوونە ڕەمزی ئازادی ژن، بەو هێز و باوەڕییەی وەک میراس بۆمان ماوەتەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین.

 

ئەم تێکۆشانە لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیا، لە ئەمریکای لاتینەوە تا ئەفریقا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر و زیاتر گەشە دەکات، بە ئەندازەیی گەورەیی پرسی ئازادی ژن خەباتێکی گەورەی ژنان لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت، ژنان هەموو ئەو بەربەستانە دەشکێنن کە لە بەردەمیان دانراون و بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت، ئەوان زۆر باش دەزانن تا عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵ نەشکێت ئەم خەباتە ناوەستێت، خەبات بۆ ئازادی ژن پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیستەمی پیاوسالاری باڵادەستدا هەیە، بۆیە خەبات و بەرخۆدانی ژنان ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەدەستدەهێنێت، ئەمڕۆ دەبینرێت کە ئازادی ژن گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لێبکات و لە هەموو جیهاندا تێکۆشان و بەهێزکردنی ژنان ڕەوتێکی گەشەسەندووە.

 

سیستمی پیاوسالار لە ژنی بەهێز دەترسێت

ئێمەی ژنان بە ڕۆحی ئازادی پێشوازی لەم ٨ی مارس دەکەین، بەو بیرۆکەیەی کە ئەم قۆناغە دەبێتە قۆناغی ئازادی ژنان، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین و بەرخۆدانمان زیاتر دەکەین، ئەو تێکۆشانەی ئێمە بە هێزی ڕێکخراوەیی خۆمان ئەنجامی دەدەین، هیوای مرۆڤایەتییە. ئەو فشارە فرەلایەنەی دەسەڵاتی دەوڵەت-پیاو دەیکاتە سەر ژنان، ترسی سیستمی پیاوسالاری نیشان دەدات، بەڵام وەک ژنێک دەبێت دژی هەموو جۆرە هێرشێکی پیاوسالاری، تێکۆشان و ڕیکخستنەکانمان بەهێز بکەین، بێ گومان تێکۆشان لەگەڵ ڕێکخستن گەشە دەکات، تا ڕێکخستنی ژنان زیاتر گەشە بکات، تێکۆشان و بەرخۆدان کاریگەرتر و گەورەتر دەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەڵێین کە ٨ی مارس دەرفەتێک دەبێت بۆ زیادکردنی خەبات و خۆڕاگری ژنان.

 

ئەمڕۆ ئەم سیستەمە پیاوسالارییە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکات و توندوتیژی دژ بە ژنان ڕەوا دەکات، کولتووری دەستدرێژیکردن دروستدەکات و کار و بوونی ژن بە نرخ نازانێت. لە بەرامبەر ئەم واقیعە ناڕەوایەدا با هەوڵی ژنان بەرز بکەینەوە و بەمەش دەگەینە بەرزترین ئاستی هەموو مافەکانی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا.

 

ئەو سیستەمە توندوتیژ و ستەمکارەی لەسەر بنەمای کۆیلایەتی ژنان سەریهەڵدا، بە خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن دامەزراوە، لەناو دەچێت، ئێمە لەسەر ئەو بیر و باوەڕە تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین و دەڵێین خەباتی ژن تەنیا ئازادی ژن نییە، بەڵکو ئازادی کۆمەڵگەشە.

 

نەبوونی یەکێتی ژنانی کورد فشارەکان زیاد دەکات

لە دۆخێکی وەهادا ئێمە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە ٨ی مارس دەکەین و دەڵێین، هاوشێوەی ١١٦ ساڵ لەمەوپێش تێکۆشان و بەرخۆدانمان گەورە و دژوارە، چونکە هەژموونی سیستەمی پیاوسالاری بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئێمەی ژن، کردەوەی ڕژێمە فاشیست و مرۆڤکوژەکان ڕێگە بە هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژنان دەدات، لە باشووری کوردستانیش دۆخەکە هەمان شتە، یەکێک لەو هۆکارانەی کە نەمانتوانی لە پرسی ئازادی ژندا زاڵ بین بەسەر لاوازی خۆماندا، ئەوەیە کە یەکێتی ژنانی کوردمان ڕێکنەخست.

 

بۆیە هەموو ئەو دۆخە نەرێنییانەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان ڕوودەدەن، بەڕاستی کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، بە تایبەتی هێرشە داگیرکارییە ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و جوگرافییەکانی سەر باشووری کوردستان، ژنان هەمیشە قوربانی قەیرانەکانن، کوشتن، دەستدرێژی، توندوتیژی، ناچارکردنی ژنان بۆ کوشتنی خۆیان، هەروەها هێرشکردن و سوکایەتی بە ژنانی چالاکوان، هاندانی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی بچووکدا و فرەژنی ئەنجامی ئەقڵیەتی نادیموکراتیک و پیاوسالارە.

 

بۆ شکاندنی سیستمی پیاوسالاری پێویستە تێکۆشانمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ناوخۆیی و جیهانی بەرز بکەینەوە، ئەگەر لە هەموو شوێنێک گیانی خۆمان بەخت نەکەین، ناتوانین بە ئازادی بژین، بەمەش داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین تێکۆشانمان بۆ ئازادی زیاتر بکەن، با جیهان بە فۆڕمی ئەفسوناوی "ژن، ژیان، ئازادی" جوان و ئازاد بکەین و دادپەروەری بنیادبنێین، بە جۆشەوە پێشوازی لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٣ دەکەین و بە یەکێتی و یەکگرتن و بەرخۆدان تێکۆشانی ژنان بڵند دەکەین.

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاک