ژنانی دیلۆک: منداڵەکانمان برسین

یەکێک لە شارە گەورەکان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیاتر وێران بووە دیلۆکە، ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان دەژین لە دژی سەرما و برسیەتی بۆ ژیان تێدەکۆشن، ژنانیش دەڵێن: چادر و خواردنی گەرممان پێنەدراوە، منداڵەکانمان لە برسیەتیدا دەمرن.

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

دیلۆک- بوومەلەرزەکە کە لە ١٠ شار ڕوویدا زیانی زیاتر بە دیلۆک گەیاندووە، لەو شارەدا بێدەنگی هەیە، لەو شارەی کە هیچ ڕووناکییەک لە ماڵەکانەوە نییە، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ماڵەکانیان نامێننەوە شەوەکانیان لە مزگەوتەکان یان لە شوێنی کۆبوونەوەدا بە ئاگر کردنەوە بەسەردەبەن، هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە و ئەو هاوڵاتییانەی، لە بوومەلەرزەکە ڕزگاریان بووە و لە دەرەوەی ماڵەکان دەژین باس لە دۆخی خۆیان دەکەن، کە لە سەرمادا ماونەتەوە و هیچ پێداویستییەکی بچوکی ژیانییان نەماوە.

 

لە دیلۆک سەدان کەس بەهۆی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە چوار هەزار بریندار لە نەخۆشخانەکانی دیلۆک چارەسەر دەکرێن، لە شاری ئیسلاحیە و نورداغی و ناوەندی شار چەندین بینا ڕووخاوە و هاوڵاتیانیش کە لە تەنیشت ئاگرەوە وەستابوون دژی ئافاد و بەرپرسانی دەوڵەت هەڵوێستیان وەرگرت، ژنان دەڵێن، نان و ژەمێکی گەرمیان پێنەدراوە و منداڵەکانیان بە برسێتی دەمێننەوە، گەیشتوونەتە حاڵەتێک کە لە سەرمادا ڕەق دەبنەوە، مزگەوتەکان نزیکەی ٣٠٠ کەسی تێدا دەمێنێتەوە و ئەمەش مەترسییە لەسەر ژیانیان.

 

"ئێمە هیچ یارمەتییەکمان نەبینیوە"

فاتما ئۆلوداغ کە لە تەنیشت ئاگرەکەوە وەستاوە، دانیشتووی گەڕەکی ناوەندی ئینجلی پنار و دەیەوێت منداڵەکانی گەرم بکات، وتی: "ئێمە سەرمامانە، منداڵەکانم برسین، نانمان دەست ناکەوێت و ناتوانین هیچ خواردنێک دابین بکەین، منداڵانی بچوک قوربانین و لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە، هیچ هاوکارییەکمان پێنەگەیشتووە ئێمە داوای یارمەتیمان کرد، بەڵام هیچ شتێک نەهاتە ئێرە، وتیان بەتانی هاتووە، هەموو ئەو خەڵکە لە شەقامەکان دەمێننەوە، بەڵام ژمارەی بەتانیەکان کە وتیان چوار بوون و تەنیا ئەوەیان پێداین، ئێستا ناتوانین بچینە ماڵەکانمان، ئێمە نازانین چی دەکەین و بەرەو کوێ دەڕۆین،  هەموو کاتژمێرێک هەواڵی ئەوە هەیە کە بوومەلەرزەیەک ڕوودەدات، ئێمە هەمیشە لە دەرەوە لەبەر ئاگرداین، ناتوانین نان لە دەرەوە دابین بکەین، گرنگ نییە چۆن یارمەتیمان دەدات با یارمەتیمان بدات و خواردن دابین بکەن، لێرە چادر دابنێن بەسە، لەبەر ئاگردا پەرێشان بووین.

 

"هیچ شوێنێک سەلامەت نەماوە، ئێمە وێران بووین"

فادیمە کاپیچ،ی کە براکەی و سێ کەس لە خێزانەکەی لە ژێر بینا ڕووخاوەکانی ئەسکەندەرووندا ماونەتەوە، هیواخوازە کە هەواڵێکی خۆشی پێبگات و وتی: باڵەخانەی گۆلگلیلەر ڕووخا کە براکەمی تێدایە، براکەم و دوو کچ و هاوژینەکەی ئێستا لە ژێر داروپەردوودان،  ئێمەش لێرە چاوەڕێیان دەکەین، دوو ڕۆژە لێرەین و قیامەت لەسەر سەرمان بەرزبووەتەوە، من لە ئیسکەندەروون دەژیم، کە بوومەلەرزە ڕوویدا، کاتێک گوێمان لە براکەم بوو لەناو بیناکەدا هاتمە دەرەوە، من بۆ ماوەی دوو رۆژە لێرەم، ئێمە لێرە چاوەڕێ دەکەین.