تیرۆرکردنی مورسل نەبیزادە پەرلەمانتاری پێشووی ئەفغانستان

مورسل نەبیزادە، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویان کردووەتەوە، مورسل نەبیزادە، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان سەر بە پارێزگای لاغمان، لە ماڵەکەی خۆی کە دەکەوێتە ناوچەی ئەحمەد شای ناوچەی ١٢ی کابول، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

 

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوەی وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ئەفغانستان، یەکێک لە پاسەوانەکانی مورسل نەبیزادەش کوژراوە و براکەیشی بریندار بووە. تا ئێستا وردەکاری تیرۆرکردنەکە بڵاونەکراوەتەوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مورسل نەبیزادە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو هێرشی دڕندانەی بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان شەرمەزار کرد، کە تێیدا ژمارەیەک کارمەندی ئەفغانستان کوژران.