بەپێی پێشبینییەکان گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا وەک خۆی دەمێنێتەوە
بەهۆی بەردەوامی جوڵەی بازاڕی کارەوە، پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٣ هیچ پاشەکشێیەکی گەشەی ئابووری جیهانی تۆمار نەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ بازاڕی کار پێدەچێت گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی لەسەدا ٢.٧ کەم نەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشبینی کەبوونەوەی گەشەی ئابووری بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرابوو.
کریستالینا ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٣ "ساڵێکی سەخت"ی دیکە دەبێت بۆ ئابووری جیهانی و هەڵاوسانیش هەروا بەشێوەیەکی بەربڵاوە، بەڵام پێشبینی ناکات ساڵێکی دیکەی گەشەسەندنی یەک لە دوای یەک وەک ساڵی ڕابردوو کەمبکرێتەوە، مەگەر پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان ڕووبدەن.
کریستالینا جۆرجیڤا لە بارەگای سەرەکی سندوقەکە لە واشنتۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "گەشەکردن لە ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامە لە خاوبوونەوە، ئەرێنیترین بەشیش خۆڕاگری بازاڕەکانی کارە. تا ئەوکاتەی خەڵک کار دەکەن، تەنانەت ئەگەر نرخەکانیش بەرز بن، ئەا یارمەتی بازاڕی کار دەدەن بۆ بەردەوامبوون و خراپتر نەبوونی دۆخی ئابووری، لەم بارەدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش پێشبینی هیچ کەمکردنەوەیەکی بەرچاو لە پێشبینییەکانی گەشەکردندا ناکات، ئەمەش دڵخۆشکارە".
کریستالینا جۆرجیڤا وتیشی هێشتا نادڵنیایی زۆر هەیە، لەوانە هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە یان مەترسی ئەوەی ڕووسیا شەڕ لە ئۆکرانیا پەرەپێبدات، بۆ نموونە لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیەوە، ببێتە هۆکاری گرانبوونی نرخی بازاڕ و نەبوونی پێداویستی و سووتەمەنی، کە ئەمە کاریگەری لەسەر بازاڕی جیهان دەکات.