زاخۆ، ژنێکی ٤٥ ساڵ بە کوژراوی دۆزرایەوە

پۆلیسی زاخۆ دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی ڕاگەیاند و ئاشکراشیکردووە، ژنەکە بە چەقۆ کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شێوازی دڕندانەی کوشتنی ژنان ئاستی باڵای تێپەڕاندووە و لە باشووری کوردستان ڕۆژ نییە هەواڵێکی کوشتنی ژنان نەبیسترێت، دڕندەیی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و موڵکایەتی تا دێت ئامارەکانی کوشتنی ژنان زیاد دەکات و ئەمڕۆش ژنێک بەکوژراوی دۆزرایەوە.

 

بەرێوەبەرایەتی پۆلسی زاخۆ ڕایگەیاند، تەرمی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە سنوری ناحیەی دەرکار سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوژراوی دۆزرایەوە و ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی زاخۆ بڵاویکردووەتەوە، ژنەکە بە چەقۆ کوژراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

 

هەرچەندە ئاماری فەرمی کوشتنی ژنان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسی نوژنها، لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا، ٦٣ حاڵەتی ژن کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن، سووتاندن و ناچار بە خۆسووتاندن تۆمارکراون، هەر لە زاخۆش لە ٥ی کانوونی یەکەمدا، ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ بە ناوی "ا. ر. ت." به ‌ده‌مانچه کوژرا، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد‌، ناسنامه‌ی بكوژه‌كه‌یان ئاشكراكرد و ده‌ڵێن براكه‌ی کە ناوی "م. ر. ت." كوشتوویه‌تی.