"داگیرکار لە رێگەی پیاوی توندوتیژەوە درێژە بە داگیرکارییەکانی دەدات"
گروپێک لە پیاوانی ئازادیخوازی شاری سلێمانی، دژایەتی خۆیان بۆ توندوتیژی دەربڕی و ڕایانگەیاند، "دەنگی ئێمەی پیاوان هاوارە بە ڕووی ئەو ناهەقی و ستەمەی لە کەسێتی پیاوێتیدا بەرامبەر ژنان دەکرێت".
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر و هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژمارەیەک پیاوی ئازادییخواز لە شاری سلێمانی، لە دژی توندووتیژییەکانی بەرامبەر ژنان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.
نەورۆز فازڵ، بەیاننامەی پیاوانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، دەنگی ئێمەی پیاوان هاوارە بەڕووی ئەو ناهەقی و ستەمەی لە کەسێتی پیاوێتیدا بەرامبەر ژنان دەکرێت، ئەگەر ئێمەی پیاوان لە ئازادیی و دادپەروەریی و ژیانێکی شکۆمەندانە دەگەڕێین، ئەوا پێویستە هەرچی زووە کۆتایی بە سوکایەتی و هێرش و توندوتیژی سەر ژنان بهێنین، با هیچ پیاوێک بە پیاوێتی خۆی نەنازێت، چونکە دوژمنان و داگیرکەران بەکرێگیراوانی ناوخۆ و بازرگانانی دینیش، لەڕێگای ئەمجۆرە پیاوێتیەوە درێژە بە داگیرکاریی و خیانەت و ستەم و چەوساندنەوەی سەر کۆمەڵگەکەمان دەدەن.
ئەوەش هاتبوو تێیدا، جێگەی خۆیەتی ئاوڕ لە ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بدەینەوە، کە چۆن بەرامبەر ستەمکارترین ڕژێم بوونەتە وزە و دینامیک و هێز دەبەخشن بەپیاوان و سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە و چینوتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران تەنانەت جیهانیش ئەوە ڕۆح و پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتە کە بەدروشم و چالاکی و ڕەنگی ژنانەی خۆیان مۆرکی شۆڕشی زیهنی و ویژدانی و دیموکراسیان لەتەواوی گۆڕەپان و ئەم قۆناغە داوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە دەستبەرداری زیهنییەتی پیاوێتی ببین و وەکو باوکی شەهید محەمەد حەسەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەرمووی، دەبێت لەمەولا زۆر ژن بین، تاوەکو ڕێنیشاندەری ئازادیی و سەرکەوتنی گەلەکەمان بین.
پیاوانی بەشداربوو بە تێکڕا دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"یان وتەوە و کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.