ئاماری کۆکراوەی نوژنها؛ تا ئێستا ٦٣ ژن کوژراون
جیاوازی لە ئامارەکانی دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکرێتەوە جێی گومانە و بڵاونەکردنەوەشی لەلایەن لایەنی فەرمییەوە گومانەکان چڕتر دەکاتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆیکردووەتەوە، تا مانگی تشرینی دووەم ٦٣ ژن کوژران و ناچار بە خۆکوشتن کراون.
سلێمانی
٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، ساڵانە لەم ڕۆژەدا جیهان ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بڵاودەکاتەوە و ڕێگەچارە دەخرێتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە و لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی سەر بە حکومەت و ناحکومی و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پەیامی بەرەنگاری و چالاکی بەڕێودەچێت، بەڵام هیچ لایەنێک دەست بۆ ئاشکراکردن و خستنەڕووی ئامارەکان نابات، لەکاتێکدا بەشێکی سەرەکی دۆزینەوەی ڕێگەچارە و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانە.
توندوتژی دژی ژنان بە جۆرەکانی، دەستدرێژی سێکسی، جەستەیی و دەروونی، کوشتن و سوتان، ناچار بە خۆکوشتن و خۆسووتان لە هەڵکشاندایە و ئامارە نافەرمییە بەردەستەکان مەترسییەکانی زیاتربوونی حاڵەتەکان دەخەنە بەرچاو.
توندوتیژی ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، تا مانگی ئەیلولی٢٠٢١ کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٢٨٢ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، ١٦ حاڵەتی کوشتن، ٤٦ خۆکوشتن، ٦٤ خۆسووتان، ١٠٨ دەستدرێژی سێکسی، ١٠ هەزار و ٤٨ سکاڵا تۆمارکراوە.
هەروەها لە کۆی گشتی ساڵی ٢٠٢١یشدا، ٢٤ حاڵەتی کوشتن، ٦٢ خۆکوشتن، ٨٦ خۆسووتان، ١٥٣ دەستدرێژی سێکسی، ١٣ هەزار و ٢٥٩ سکاڵا تۆمارکراوە.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٨٤ ژن کوژراون یاخود بە خۆکوشتنی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، سووتاون و خۆیان سووتاندووە.
ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان ساڵانە بڵاودەکرێنەوە، ئەگەرچی ئاماری ڕاستەقینە نین و جیاوازی بەرچاو لە ژمارەیاندا بەدیدەکرێت و هەندێک لە حاڵەتەکانیش بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و تۆمار ناکرێت، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، نە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکەنەوە نە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان دەدات، بەپێی وتەکانیشیان لەپێناو تێکنەدانی دەروونی کۆمەڵگەیە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی سەریان ون دەکرێت و دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەری دژوار دەکرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٣ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە
سەرەڕای ئاشکرانەکردنی هەواڵ و ئامارەکان، ئاژانسی نوژنها ئاماری کوشتنی ژنانی تا ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ کۆکردووەتەوە کە لە میدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەپێی ئامارەکان تا ٢٥ی تشرینی دووەم، ٦٣ حاڵەتی ژن کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن، سووتاندن و ناچار بە خۆسووتاندن تۆمارکراون، ئامارەکان بەم شێوەیەیە؛
هەولێر – ١٦ حاڵەت
سلێمانی – ١١ حاڵەت
زاخۆ – ٧ حاڵەت
کەلار – ٧ حاڵەت
کەرکوک – ٥ حاڵەت
دهۆک – ٤ حاڵەت
خانەقین – ٣ حاڵەت
هەڵەبجە – ٢ حاڵەت
پێنجوێن – ٢ حاڵەت
ڕانیە -٢ حاڵەت
کفری – ١ حاڵەت
کۆیە – ١ حاڵەت
سۆران – ١ حاڵەت
قەڵادزێ – ١ حاڵەت
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی تایبەت بە ژنان بڵاویکردووەتەوە، تەنها لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٢ ژن کوژراون، لەو ژمارەیە، ٢٢ ژن کوژراون، ٣١ ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون، ٢٩ ژن خۆیان سووتاندووە.
نەبوونی ئاماری فەرمی و جیاوازی لە نێوان ئەو ئامارانەی لە میدیا و لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، گومان لەلای چالاکوانان و بەرگریکارانی مافی ژنان دروستدەکات، ئەگەرچی ئەو ئامارانەش بڵاودەکرێتەوە بەڵام ڕاستەقینە نین و ئێشتا سەدان و هەزاران ژن هەن لە کونجی ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا توندوتیژی و دەستدرێژییان بەرامبەر دەکرێت و بەناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دەکوژرێن و بە بێدەنگی و نهێنی دەمێننەوە.