یەمەن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٣٠ منداڵ کوژراون و بریندار بوون

ڕێکخراوی  ڕزگارکردنی منداڵان ڕایگەیاند: کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە لانیکەم ٣٣٠ منداڵ لە یەمەن کوژراون یان بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی ٢٠ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵان، ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا ٣٣٠ منداڵ لە یەمەن کوژراون و سەدان منداڵیش برینداربوون، کە بە تێكڕا دەکاتە منداڵێک کوژراو و بریندار لە ڕۆژێکدا.

 

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرەڕای ئەو دەستکەوتە ئەرێنییانەی بۆ منداڵان لە کاتی ئاگربەستی سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستهاتوووە، بەڵام زیاتر لە ٣٣٠ منداڵ کوژراون و برینداربوون لە شەڕدا".

 

ڕوونیشی کردەوە کە بەپێی ئاماری پڕۆژەی بەدواداچوونی کاریگەرییە مەدەنییەکانی گروپی پاراستنی یەمەن، بەهۆی شەڕی بەردەوام لە وڵاتەکەدا، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ تا ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ٣٣٠منداڵ بووونەتە قوربانی ٩٢ کوژراو و ٢٤٨ بریندار بوون.

 

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، "بەکارهێنانی بەرفراوانی گازی ئاسمانی و تۆپخانە و مین و ئەوانی تر لە ناوچە جێناکۆکەکان زیانێکی جەستەیی بە منداڵان گەیاندووە و لە ئەنجامدا کوژران و برینداربوون و کەمئەندامی تەواوی ژیان و تێکدانی ژێرخانی مەدەنی لێکەوتەوە".

 

ڕاما حەنسرەج بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان لە وڵاتی یەمەن، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوبنێن بۆ سزادانی تاوانباران بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لە یەمەن دژی منداڵان ئەنجام دەدرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ناتوانرێت هیچ پاساوێک بۆ کوشتن یان ئازاردانی منداڵان هەبێت و پێویستە جیهان لە ئێستاوە هەنگاوبنێت بۆ سزادانی تاوانبارانی ئەو تاوانە، هەروەها دەبێت گوێ لە دەنگی منداڵان بگرین و شانبەشانی ئەوان کاربکەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانێکی تەواو لە داڕشتنی سبەینێیەکی باشتردا بکەین".