ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران؛ لە ماوەی سێ ڕۆژ ٣٠ کەس کوژراون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامن لە سەرهەڵدان و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ٣٠ کەس کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تارانی پایتەختی ئێران بە دروشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆپیشاندان، کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بەردەوامە، خۆپیشاندەران ماوەی دوو مانگە بە سووربوون لە شەقامەکان سەرەڕای فشارەکانی کوشتن و سەرکوتکردن و دەستگیرکردن داوای ئازادی و لەناوبردنی ڕژێمی مەلاکان دەکەن.

 

لەو خۆپیشاندانانەی کە دوێنێ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو، بڵاوکرایەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابروودا ٣٠ کەس کوژراون، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی پۆلیس و سەربازانی دەوڵەتی ئێران، خەڵک بە درێژایی شەو لە گۆڕەپانەکەدا بوون و چۆڵیان نەکرد، لە شاری مهاباد ژنان بەرەو کەمپی بەسیج بەڕێکەوتن، ڕژێمی ئێران تەقەی لەو ژنانە کرد کە دەیانویست ڕێپێوان بکەن.

 

چالاکییە جەماوەرییەکان لە شاری مهاباد، سنە، بیجاڕ، کامیاران، پاوە، شنۆ، پیرانشار، ورمێ، جوانڕۆ، گەیلان، ڕوانسەر، دێهگوڵان، قروە، ئیلام، مورموری و سەردەشت بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران بە بیستنی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە شارەکاندا ڕوویانداوە، کامێرای ئەمنیەتیان شکاند و بنکەکانی پۆلیسیان بە کۆکتێل و مۆلۆتۆڤ ئاگر تێبەردا و سیمبولەکانی ڕژێمی ئێرانیان سووتاندووە.

 

لەو ناوەندانەی کە چالاکییەکانیان تێدا ئەنجامدرا، ڕژێمی ئێران بە گوللە هێرشی کردە سەر هاوڵاتییان، لە شاری مهاباد و پیرانشار، شەوانە جموجۆڵی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەر هەبووە.

 

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستان و بەلوچستان، پیرانشار، بەندەرعەباس، بوشەهر، بەختیاری، شەهرکورد، تاران، کرمان، ئەسفەهان، زەنجان، ئەردەبیل، ڕەشت، قوم، خوزستان، ئەهواز، بابل، ئیزە، سمیرام خۆپیشاندان ئەنجامدرا و ئاڵای سیمبولیی ڕژێمی ئێران و وێنەی بەرپرسانی حکومەت سووتێنران. پەیکەرەکان وێران کران.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتدا ڕایگەیاندووە کە ٣٧٨ کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی دەوڵەتی ئێران کوژراون، لەو ژمارەیەش ٤٧ منداڵن و ٢٧یان ژنن.