پەیامی هونەرمەند مزگین تاهیر بۆ ژینا ئەمینی

هونەرمەندی کورد مزگین تاهیر لە پەیامێکیدا بۆ کچە کورد ژینا ئەمینی، وتی: ژینا ئەمینی بۆ ئێمە هێمایە و هەمیشە لە دڵماندا دەژی.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- بۆ دۆزی ژنە کورد ژینا ئەمینی کە لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و بە چالاکی جۆراوجۆر پاڵپشتی دەکرا، هونەرمەندی کورد مزگین تاهیر وەک گۆرانیبێژی ئۆپێرا لە شاری قامیشلۆ- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ئەکادیمیای ئۆرکێسترای ڕۆژئاوا و لە ڕێگەی ئاژانسی نوژنهاوە پەیامێکی نارد.

 

"ژینا ئەمینی بۆ ئێمە هێمایە"

هونەرمەند مزگین تاهیر باسی ژینا ئەمینی بۆ منداڵانی ناو ئۆرکێستراکە کرد و وتی: ژینا ئەمینی ژنێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی ویستویەتی بە ئازادی بژی، کوژرا، من ژنم، دەمەوێت گۆرانی بڵێم و دەنگێکی خۆشم هەیە، من ژنێکی جوانم و ئازادم. ژینا ئەمینی کۆت و بەند و هەژموونی دەوڵەت و ڕێسای توندی قبوڵ نەدەکرد، ئەو لەچکەی قبوڵ نەدەکرد کە بە زۆر بەسەر قژیدا دەدرا، نەیدەویست کەس بیبەستێتەوە، بەڵام سیستەمی حوکمڕانی دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ژنان بخاتە تەڵەوە و ئازادییان لێ زەوت بکات، هەر بۆیە کوشتوویان.

 

"ئازادی سەرکەوتنە"

مزگین تاهیر ئاماژەی بەوەدا کە ئازادی سەرکەوتنە و وەها درێژەی بە قسەکانیدا، "ئازادی سەرکەوتنە نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوییە، ئەگەر وەک هونەرمەند ئازاد نەبین، هونەرەکەمان سەرکەوتوو نابێت و ناتوانین پەیامەکەمان بگەیەنین. با هەموومان بزانین کە ژینا ئەمینی بۆ ئێمە هێمایە و هەمیشە لە دڵماندا دەژی".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو هونەرمەندە وتی: لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، سڵاوی خۆم دەنێرم، هاوڕێی ڕۆحی ئازادم ژینا. تۆ هێمایەکی بۆ ئەوەی ڕۆحم لە پێناوتدا ببەخشم، ڕۆحم بە تۆوە ئازاد دەبێت.