لە سلێمانی داوای چۆڵکردنی گەڕەکێک دەکرێت و گردبوونەوە کرا

ماوەی چەند مانگێکە داوای چۆڵکردنی گەڕەکێکی سلێمانی دەکرێت و شارەوانی سلێمانی لەگەڵ پۆلیس چەند جارێک چوونەتە گەڕەکەکە، دانیشتوانەکەش ئەمڕۆ گردبوونەوەیان کرد و دەڵێن چۆڵی ناکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٨ی ئەیلول، دانیشتوانی گەڕەکی "فەیلییەکان" یان "ئیسلاحی زەراعی" لە سلێمانی گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە پێیان وتراوە خانووەکانیان بەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەکەوێت و دەبێت چۆڵی بکەن.

 

ژنانی دانیشتوی ئەو گەڕەکە، کە بەشداری گردبوونەوەکە بوون ئەوەیان خستەڕوو کە پێیان وتوون قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام ئەوەی وتراوە وەک پێویست نییە و ئەو شوێنەی کە بۆیان دیاریکراوە بچنە ئەوێ نیشتەجێ ببن گونجاو نییە و شوێنێکی دوورە لە ناوەندی شارەوە.

 

ئاماژەشیان بەوەکرد کە ئەوان ئەو گەڕەکە چۆڵ ناکەن و ڕێگە نادەن خانووەکانیان بڕوخێنن بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ کۆمپانیایەک.

 

بەپێی زانیارییەکان ٧٨ خێزانی خەڵکی سلێمانی و کەرکوک و پێنج خێزانی کوردی فەیلی لەو گەڕەکە نیشتەجێن.