بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان؛ لە کیشەوە بۆ کوردستان، ئازادی ئازادی

ناڕەزایەتییەکان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە کوردستانەوە بۆ تاران و شارەکانی دیکەی ئێران تەشەنەی سەندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێواره‌ی ١٧ی ئەیلول ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ دژی كوشنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێم لە تاران، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانه‌وه‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێرانی گرته‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران توڕه‌یی و بێزاری خۆیان دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نیشاندا.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای توندی بارودۆخی ئەمنی لە کوردستان، ناڕەزایەتی بەربڵاوتر لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سەقز، کرماشان، دیواندەرە، قروە، مەریوان، دێهگۆلان، ورمێ، پاوە، بیجار، مهاباد و ماکۆ بەڕێوەچوو، ئەم ناڕەزایەتیانە جگە لە تاران، مەشهەد و ڕەشت، شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە، لەوانە خوزستان، قوم، ساری، کرمان، کیش، گۆنبەدکاڤوس، یەزد، گۆرگان، ئەهواز، عیزە، تەبرێز.

 

 بەپێی زانیارییەکان خۆپیشاندەران دروشمی "لە کیشەوە بۆ کوردستان، ئازادی، ئازادی"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەڕ، شەڕ تا سەرکەوتن"، "هەموو سوپا هاتوون بۆ شەڕی ڕابەر هاتوون"، "مەرگ بۆ خامەنەیی"، "کوردستان گۆڕستانی فاشیستەکانە"، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە و بە سوتاندنی ئاڵای خامنەیی و خومەینی، سیاسەتی چەپەڵ و سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پیاوسالاری ئێران بوون.

 

هەروەها ژنانی خۆپیشاندەر بە سوتاندنی لەچکەکانیان دژایەتی خۆیان بۆ حیجابی زۆرەملێ خستەڕوو، ئەو بەسیج و سیخوڕانەی تێکەڵی خۆپیشاندەران ببوون بەنیازی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان، ڕووبەڕووی بەرخۆدانی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و ناچار بوون پاشەکشە بکەن.