گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لێخۆشبوونی نییە

كۆشكی سپی لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، كە لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە ئەشكەنجەدرا بە بیانووی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشییەوە، هاتەدەنگ و جەخت لەوە دەكاتەوە لێپێچینەوەی توند لە بەرپرسانی ئێران دەكەن، ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ


دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بەهۆی لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادەوە رووبەڕووی بێهۆشی و جەڵتەی دڵ و مێشک بووە و گیانی لەدەستدا، جیك سۆلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، زۆر نیگەرانن بە گیان لەدەستدانی "مەهسا ئەمینی".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە گیان لەدەستدانت ژینا لێخۆشبوونی نییە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێران دەكەن، لە بەرامبەر ئەو جۆرە پێشێلكاریانەی بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ دەكرێت.
 

گولشیفتە فەراهانی، ئەکتەری ئێرانی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی و بەڕۆڵگێڕان لە فیلمەکانی هۆلیۆددا ناوبانگی هەیە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی بەرپرسانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی یاسا بە توندوتیژی لەگەڵ ژنان لە ئێران، نووسیویەتی: "گوایە وڵات کێشەیەکی تری نەبێت، لەکاتێکدا ژنانی موسڵمانی ڕۆژئاوا ناچار بە باڵاپۆشی دەکرێن، بەڵام ئەو شتەیە کە ژنان نایانەوێت لەبەری بکەن، ژنان نایانەوێت بچنە بەهەشتی خۆیان".

 

هاوکات كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ لە زنجیرە تویتێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی مەرگی ژینا ئەمینی، نووسیویەتی تۆماری ڕەشی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئەم دەسەڵاتە ڕەشتر بووە.

 

هەروەها کۆمەڵەکە بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانە دەکات و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەپرسێت ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم حکومەتە گەندەڵ و خوێنڕێژە لێپرسینەوە لەو تاوانە بەربڵاوانەی بکرێت.