٧٧ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوی دوو هەفتەی ڕابردووەوە، ٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیان بە کامپی ئاوارەکان و ماڵ و بژیوی هاوڵاتیان گەشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوێنێ، ١٢ی ئاب بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی دوو هەفتەی ڕابردوو لە یەمەن ٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە یەمەن، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، "ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان لە یەمەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵیشیان تێدایە، لە ئەنجامی باران و لافاو کە ٨٥ شارۆچکەی گرتووەتەوە لە ١٦ پارێزگادا".

 

 ڕاپۆرتەکە ماوەی ٢٨ی تەمموز تا ١٠ی ئاب هەژمار کراوە، هەروەها خراوەتەڕوو کە ٣٥ هه‌زار خێزان به‌هۆی بارانبارینی به‌خوڕ و لافاوه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئاواره‌ بوون، لافاوەکەش زیانی بە ماڵ و بژێوی و سەرچاوە ئاوییەکان گەیاندووە.

 

مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ٨٦ هەزار کەس بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە زیانیان بەرکەوتووە کە ناوچە جیاجیاکانی یەمەنی گرتووەتەوە، هەندێک لەو لافاوانە کەمپی ئاوارەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گرتووەتەوە.