ژنانی خۆپیشاندەری ئەفغانستان داوای پاراستنی مافەکانیان دەکەن

گروپێک لە ژنانی ئەفغانی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە کۆبوونەوەی تاڵیبان و داوایان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد مافەکانیان بپارێزێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لەسەر بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان و بەیاننامەكەی تاڵیبان کە داوای لە ژنان كرد لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە، ئەندامانی تیمی یەکێتی و یەکگرتووی ژنانی ئەفغانستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ كرد مافەكانیان بپارێزێت.

 

خۆپیشاندەران تیشکیان خستەسەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕایانگەیاند کە چالاکوانان بەهۆی ترسیان لە تاڵیبان لە شوێنە داخراو و شاراوەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سەرەڕای ئەمەش ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، ئەوەشیان خستەڕوو کە دەستدرێژی دەكرێتەسەر ژنان و دەكوژرێن، و بەشێکیان بە بەڵگە پشتڕاست بووەتەوە کە لەلایەن تاڵیبانەوە کوژراون.

 

خۆپیشاندەران رایانگەیاند، زیادبوونی حاڵەتەكانی هاوسەرگیری زۆرەملێ لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە بەڵگەی ڕوونە لەسەر توندوتیژی دژی ژنان، داواشیان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ كرد فشار بخاتە سەر تاڵیبان بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی دادپەروەر و گشتگیر.