عێراقیەکان لە پلەی چوارەمی توڕەترین نەتەوەی جیهان دان

بەپێی ڕاپۆرتێک دەرکەوتووە کە قەیرانی ئابوری و سیاسی کاریگەری لەسەر دەرونی تاک هەیە و عێراقیەکانیش یەکێکن لە توڕەترین نەتەوەکانی جیهان.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانە سیاسییەکان، قەیرانی ئابوری، ململانێ و جەنگ، گۆڕانی کەشوهەوا و توندوتیژی، بێکاری، نەبوونی بەرۆکی جیهانی گرتووە و بەشێک لە وڵاتان قەیران و ناکۆکییەکان لە ئاستی باڵادایە، ئەم دۆخە هۆکارێکە بۆ ناسەقامگیری دەروونی تاک و هەڵچوون و توڕەیی لێدەکەوێتەوە.

 

ڕاپۆرتی جیهانی هەستەکانی ساڵی ٢٠٢١ی کۆمپانیای گالۆپ بڵاوکرایەوە و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر هەستەکانی تاک، لەوانەش ئاستی توڕەیی بەشێکی ڕاپۆرتەکەیە، ڕاپۆرتەکە لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان ئامادەکراوە لە ماوەی نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ و نیوەی یەکەمی ٢٠٢٢.

 

٥ نەتەوە پشکی شێری توڕەییان بەرکەوتووە

بەپێی راپۆرتەكە، لوبنان لە لیستی توڕەترین كەسەكاندایە و پلەی یەكەمی گرتووە، دواتر توركیا و دواتر ئەرمینیا و عێراق لە پلەی چوارەم و ئەفغانستان لە پلەی پێنجەمدایە.

 

کۆمپانیای گالۆپ بۆی دەرکەوتووە کە ٪٤٩ی خەڵکی لوبنان تووشی توڕەیی بوون، کە بەرزترین ڕێژەیە لە جیهاندا تۆمار کرابێت.

 

ئەوەی سەبارەت بە عێراقە کە لە پلەی چوارەمی توڕەترین نەتەوە دایە، بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی دەگەڕێتەوە، بەپێی شارەزایانی بواری کۆمەڵگە، ئەو بارودۆخە سەختەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ئەو بەڵینانەی بە خەڵکەکەی دراوە و جێبەجێنەکراون، خەڵکیان خستووەتە دۆخێکی دژوار کە باوەڕیان بە کەس نەبێت و بە یەکێک لە توڕەترین نەتەوەکانی جیهان دابنرێن.