گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵ لە قەندیل: ئەوروپا چەک بۆ تورکیا هەناردە دەکات

گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵ سەردانی بناری قەندیلیان کرد و شوێنی بۆردومانەکانیان بەسەرکردەوە، تیشکیان خستەسەر فرۆشتنی چەک لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە بە دەوڵەتی تورکیا تا کورد کۆمەڵکوژ بکات و دیمۆگرافیای کوردستان بگورێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ گروپێک لە گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵ، کە پێکدێن لە گەنجانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا، سەردانی بناری قەندیل و شارەوانییەکەیان کرد و شوێنی بۆردومان و بریندارانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بەسەرکردەوە، پاشان چوونە شوێنی کۆمەڵکوژی زارگەلی و مۆنۆمێنتی شەهیدانی بناری قەندیل.

 

گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵ ئاماژەیان بەوەدا کە پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن و خستیانەڕوو کە جیهان لە ئاست هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر ئەم گەلە بێدەنگە، "چونکە ئەوروپا پارە دەداتە تورکیا بۆ ئەوەی سیاسەتی نەژادپەرستی و ئاوارەکردن ئەنجامبدات، ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ کارگەکانی دروستکردنی چەک لە ئەوروپا و تەکنیکی چەکی مۆدێرن بۆ تورکیا هەناردە دەکەن و ئەو چەکانە لە دژی هاوڕێ کوردەکانمان بەکاردەهێنرێن".

 

هەروەها ڕاشیانگەیاند کە لە شاخەکاندا جەنگێکی قورس بەڕێوەدەچێت بە تایبەت لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین، بەرپرسیارێتی ئەم جەنگەش لە ئەستۆی دەوڵەتانی ئەوروپا دایە، بە تایبەت ئەندامەکانی ناتۆ وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی و ئابوری تورکیان.