شاندی ئاشتی و ئازادی سکاڵای یاساییان لە دژی پۆلیسی ئەڵمانیا تۆمار کرد

ئەندامانی شاندی ئاشتی و ئازادی-Defend Kurdistan لە هامبورگی وڵاتی ئەڵمانیا سکاڵای یاساییان دژی پۆلیسی ئەڵمانیا تۆمار کرد بە هۆکاری ڕێگری کردن لە چوونیان بۆ باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئاشتی و ئازادی-Defend Kurdistan لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ ویستیان بچنە باشووری کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە، لە فڕۆکەخانەی دوسلدۆرفی ئەڵمانیا و چەند شاندێکیش لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگرییان لێکرا.

 

تیدا ئۆهلینگ، ئەندامی ئەو شاندەی لە ئەڵمانیا ڕێگری لێکرا بچێتە باشووری کوردستان، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا کرد کە زانیاری لەبارەی قەدەغەکردنی بدەن بە پارێزەرەکەی بە ناوی ڕۆنجا ئێچ، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا زانیارییان نەدا، تیدا لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە سەردانی دادگای کارگێڕی کۆڵنی کرد.

 

تیدا ئۆهلینگ، پارێزەرەکەی و چەند ئەندامێکی دیکە شاندەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، پارێزەر کۆرنیلیا گانتن لانگ، ئاماژەی بەوەدا لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە ئازادی جوڵانەوە داوای یاساییان لە دژی پۆلیسی ئەڵمانیا تۆمار کردووە و وتی: لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە خەڵکی ١٤ وڵاتی ئەوروپا ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد هەرچۆنێک بێت، گەشت لە فڕۆکەخانەی دوسلدۆف ڕاگیرا و ماددەی ١٤ و ٢٠ی یاسای پاسپۆرت وەک بەهانەیەک پیشاندرا بەپێی یاسای پاسپۆرت مافی ڕێگری هەیە، بەڵام ئەگەر ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی ئەڵمانیا و بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا بکەوێتە مەترسییەوە، بەپێی بڕیارەکانی پێشووی دادگای دەستووری ئەڵمانیاش دەوترێت کە پێویستە ڕێگرییەکە لەسەر بنەمای بەڵگەی ئاشکرا بێت.

 

ئەو پارێزەرە وتیشی: پۆلیس بانگەشەی بەشداری گەریلا دەکات لە شاندەکەدا بۆ ڕێگرییەکە، ئەمە بانگەشەیەکی بەتاڵە و هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەبەردەستدا نییە و بۆ ڕایگشتیش ئاشکرا کرا، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.