ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان: کار بۆ پاراستنی ژیانی ژنان دەکەین لە ئۆکراینا

ئەنجومەنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات کە پاراستن و بەهێزکردنی ژنان و کچان لە ئۆکراینا دەبێتە کاری سەرەکییان و ڕاشیگەیاند: دەبێت مافی ژنان پارێزراو بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشی داگیرکاری ڕووسیا و هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆکراینا بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٤.٢ ملیۆن پەنابەر و زیاتر لە ٧ ملیۆن کەسی دیکەش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، شەڕی ئۆکراینا قەیرانی سیاسی و ئابوری بۆ جیهان بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها بۆ خودی ئۆکرایناش جگە لە وێرانبوونی شار و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی، بازرگانی بە مرۆڤ، مەترسی ژیانی هاوڵاتی، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، دەستدرێژی سێکسی و کاری زۆرەملێی زیاد کرد.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەداوە، کار بۆ دابینکردنی پێداویستییە لەپێشینەکانی ژنان دەکەن و مافەکانیان دەپارێزن لە ئۆکراینا، هەروەها تێیدا هاتووە: ئێمە پشتگیری لە دەستگەیشتنی ژنان بە زانیاری، سەلامەتی، ئاسایش و پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان، بەرهەمە تەندروستییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون و ئاو، گەیشتن بە هێز و پەیوەندی دەکەین.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەشدەکەن، لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی جەنگ دەکەن لەسەر ژنان کە تا چەندە ڕووبەڕووی هێرشی ڕەگەزی دەبنەوە و کاریگەرییەکانی دەخەنەڕوو تا کار لەسەر بنبڕ کردنی بکرێت.